ھۆكاری ژەھراوی بوونی ئاوارەكان ئاشكرا دەكرێت

نەوزاد ھادی: رووداوەكە بە مەبەست نەبووە و بەھۆی مانەوەی خواردنەكە ژەھراوی بووە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند: "ژەھراوی بوونی ئاوارەكانی كەمپی حەسەن شام بە مەبەست نەبووە و بەھۆی مانەوەی خواردنەكە بووە".

پارێزگاری ھەولێر گوتیشی: "دوای لێكۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر دەركەوتووە، كە لە ئەنجامی مانەوەی خواردن لە كاتژمێر 9 بەیانیەوە لەنێو قاپی پلاستیك و دوای نیوەڕۆ گواستراوەتەوە بۆ كەمپی ئاوارەكان و ئێوارە خوراوە، خواردنەكە ژەھراوی بووە، لە لێكۆڵینەوەكان ئەوەش دەركەوتووە، لە كاتی ئامادەكردنی خواردنەكە لە چێشتخانە ھیچ كەمتەرخەمیەكی تێدا نەكراوە".

ئێوارەی رۆژی 12 ئەم مانگە بەھۆی خواردنەوە زیاتر لە 800 كەس لە كەمپی حەسەن شام ژەھراوی بوون، دوای رووداوەكەش بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر ئاشكرای كرد خاوەنی چێشتخانەكە و 6 كەسی دیكە لەسەر ئەو رووداوە دەستگیركراون.