ڤان بۆمێل راهێنه‌ری ئایندهۆڤن له باره‌ی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی بارسێلۆنا چی گوت؟
له گه‌ڕی یه‌كه‌می چامپیۆنزلیگ سبه‌ی سێشه‌ممه، له یاریگه‌ی كامپ نوو له كاتژمێر 7:55 خوله‌ك به كاتی هه‌ولێر، بارسێلۆنا میوانداری ئایندهۆڤنی هۆڵه‌ندا ده‌كات.
ڤان بۆمێل راهێنه‌ری ئایندهۆڤن له پرێس كۆنفرانسێك له باره‌ی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی بارسێلۆنا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه سبه‌ی ده‌بێت كاری گه‌وره بكه‌ین، ده‌شڵێت: ده‌زانم ئه‌ركمان قورسه و به‌رامبه‌ر لیۆنێل مێسی باشترین یاریزانی جیهان یاری ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ش ده‌توانین كاری گه‌وره به‌رامبه‌ر تیپی گه‌وره بكه‌ین.
ڤان بۆمێل كه پێشتر له نێوان وه‌رزی 2005 ـ 2006 وه‌ك یاریزان یاری بۆ یانه‌ی بارسێلۆنا كردووه، ده‌شڵێت: یه‌كه‌مین وه‌رزی من له‌گه‌ڵ بارسا یه‌كه‌مین وه‌رزی مێسیش بوو له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا، هه‌ر له یه‌كه‌مین رۆژ و له یه‌كه‌مین ده‌ركه‌وتن كاتێك لیۆنێل مێسیمان بینی هه‌موومان دڵنیابووین كه ده‌بێته ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌وره.
ڤان بۆمێل له به‌رسیڤێكی رۆژنامه‌نووساندا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات ئه‌گه‌ر مێسی خه‌ڵاتی تۆپی زێرینی ئه‌مساڵیش نه‌باته‌وه هه‌ر باشترین یاریزانی جیهانه.
ڤان بۆمێل گوتیشی: پێویست به قسه‌ی زۆر ناكات، ئێمه به‌رامبه‌ر یانه‌یه‌كی گه‌وره یاری ده‌كه‌ین، به‌ڵام له یارییه‌كه هاوشێوه‌ی هه‌ر یارییه‌كی دیكه‌ی چامپیۆنزلیگه، یاریكردنیش له كامپ نوو خه‌ونی هه‌موو یاریزانێكه، ئێمه سبه‌ی ده‌مانه‌وێت بیر و هۆشمان لای یارییه‌كه بێت و به پلانێكی تۆكمه یارییه‌كه‌مان ئه‌نجام بده‌ین.