ئەمەریکا هەڕەشە لە هەسەدە دەکات
K24 – ههولێر:
فەرماندەیەكی ئەمەریكا ئاشكرای دەكات، ئەگەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) لەگەڵ حكوومەتی سووریا رێكبكەوێت، ئهوا واشنتن ھاوكارییەكانی دەوەستێنێت.
ژەنەراڵ پاول لاكامیرا، فەرماندە لە سوپای ئەمەریكا بە رۆیتەرزی راگەیاندووە: "ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتی ئەمەریكا، لە ھاوكاریكردن و راھێنان بە ھێزەكانی سووریای دیموكرات بەردەوامە، بەڵام ئەگەر ھەسەدە لەگەڵ حكوومەتی سووریا و رووسیا رێكبكەوێت، ئەمەریكا ئەو ھاوكارییە سەربازییانە دەوەستێنێت".
پێشتر ھەسەدە رایگەیاندبوو، ئەگەر ئەمەریكا پشت لە كورد بكات و لە سووریا بكشێتەوە، ئهوان بۆ رێگریكردن لە ھێرشەكانی توركیا، ناچارن لەگەڵ حكوومەتی سووریا رێكبكەون و تا ئێستاش دانوستانەكانی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات لەگەڵ دیمەشق بەردەوامن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، جەیمس جێفری، نێردەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا و جەنگی دژ بە داعش رایگەیاندبوو، رێگا نادەن رژێمی سووریا جێگای ئەمەریکا لە سووریا بگرێتەوە.
H.J