رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەك له‌ رێكخەرانی ئاھەنگەكانی نەورۆزی رۆژھەڵاتی كوردستان دەستبەسەر كران

ژمارەیەك له‌ رێكخەرانی ئاھەنگەكانی نەورۆزی رۆژھەڵاتی كوردستان دەستبەسەر كران
كوردانی رۆژهه‌ڵات به‌ جامانه‌وه‌ جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌ی نه‌ورۆز پێرۆز ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولیر:

ژمارەیەك لە رێكخەرانی ئاھەنگەكانی نەورۆز لە ناوچەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەكانی ئێران دەستبەسەر كراون، ئاھەنگی نەورۆز لە ئێوارەی رۆژی دووشەممە بەشێوەیەكی خۆرسك لە زۆربەی ناوچەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان بەرێوەچوو و ئاڵای كوردستانیشی تێدا بەرزكرایەوە.

ئێرە نە باشوری كوردستانە نە باكوورو رۆژئاوای كوردستان، ئەوە جەژنی نەورۆزی رۆژھەڵاتی كوردستانە، خۆیان دەڵێن نەورۆزی ئەمساڵیان بە ئاڵا و جلوبەرگی كوردییەوه‌یه‌. لە ھەندێك شوێنی وەكوو سنە بە مەرج رێگەی كردنەوەی ئاگردرا و لە ناوچەكانی دیكەی رۆژھەڵاتی كوردستان ناوەندە ئەمنییەكان ئەنجومەنی شارو گوندەكانیان راسپاردبوو، كە رێگە بە ئاگركردنەوەو ئاھەنگی نەورۆز نەدەن.

بەڵام ئەو ڤیدیۆیانەی بۆ كوردستان 24 نێردراون و ئەوانەی لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، نەورۆزی بە گڕوتینی كوردانە لەرۆژھەڵاتی كوردستان دەردەخات. لەزۆربەی ناوچەكانی رۆژھەڵات خەڵك بە جل و بەرگ و جامانەو ھەوریی كوردییەوە لەئاھەنگەكان بەشداربوون، بەنھێنی و بەئاشكرا ئاڵای كوردستانیش لەزۆر شوێن بەرزكرایەوە. سرودی نیشتمانی وترایەوەو دروشمی سیاسیشی تێدا وترانەوە. ئەو نەورۆزە وەكوو نەورۆزەكانی دیكە بۆ رۆژھەڵاتییەكان بێ باج نەبووە، لەیەكەم كاردانەوەدا ناوەندە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی سێشەممە رەشید شەریفیان یەكێك لە رێكخرانی نەورۆزی پاڵنگانیان دەستبەسەر كردووە.

لەشارەكان گوشارەكان زۆرتر بوون، ھەربۆیە رێورەسمەكان یان لەگوندەكان كران، یانیش لە دەرەوەی شارەكان، بەڵام خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان، ھەرچییەك لەدڵیاندا بوو ئێوارەی رۆژی دوشەممە ھەڵیانرشت و لەگەڵ بەرزكردنەوەی ئاڵا پەچەكانیشیان لەسەریان لادا.

9. sidebar1_home_page