"ئه‌مه‌ریكا هیچ پلانێكی بۆ پاش كشانه‌وه له سووریا نییه"
K24 - هه‌ولێر:
نێرده‌ی پێشووی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش ده‌ڵێت: "ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هیچ پلانێكی له سووریا نییه"، ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه كه دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته مانگی رابردوو له ناكاو بڕیاری كشانه‌وه‌ی ھێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له سووریادا.
برێت مه‌كگۆرك، نێرده‌ی پێشووی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش كه چه‌ند رۆژێك دوای بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا ده‌ستی له كار كێشایه‌وه، رایگه‌یاند: "پاش كشانه‌وه هیچ پلانێكی دیكه نییه، ئه‌وه‌ش مه‌ترسییه‌كان بۆ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر زه‌وی زیاتر ده‌كات".
مه‌كگۆرك به كه‌ناڵی سی بی ئێسی ئه‌مه‌ریكی گوتووه: "دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو له شاری منبج كه له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی دایه و بووه هۆی كوژرانی 19 كه‌س و 4 كه‌سیشیان ئه‌مه‌ریكی بوون، مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر زه‌وی زیاتر ده‌ركه‌وتوون".
پێشتریش برێت مه‌كگۆرك، نێرده‌ی تایبه‌تی پێشووی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش گوتبووی: "بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه، دوژمنانی واشنتن ئه‌و بۆشاییه پڕده‌كه‌نه‌وه كه پاش كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا درووست ده‌بێت. هه‌روه‌ها ده‌بێته هۆی ده‌رفه‌تێك بۆ ژیانه‌وه‌ی داعش".
له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست، مه‌كگۆرك ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "داواكه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ دیاریكردنی پلانی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا "گه‌مژه‌یه‌تییه‌كه" له‌ژێر سێبه‌ری نه‌بوونی هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ورد بۆ مه‌ترسییه‌كان كه پاش كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا درووست ده‌بێت. جگه له‌وه‌ش لێكۆڵینه‌وه له ره‌وشی توركیا و داعش نه‌كراوه".
له‌و دیداره‌دا كه رۆژی هه‌ینی 18/1/2019 بڵاوكرایه‌وه مه‌كگۆرك ده‌ڵێت: "له 4 ساڵی رابردوودا رێگایه‌كی دوورمان بڕی، پێش ئه‌وه داعش له ده‌روازه‌كانی به‌غدا بوو، به‌ڵام ئێستا به گوێره‌ی راپۆرتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، عێراق له هه‌ر كاتێكی دیكه‌ی پێشتر ئارامتره. به‌تایبه‌تی له‌وكاته‌وه‌ی نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ماوه‌ی 6 ساڵی رابردوودا له عێراق ده‌ستی به كار كردووه".
ئه‌و نێرده تایبه‌ته‌ی پێشووی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كه ساڵی 2015 له سه‌رده‌می بارك ئۆباما دیاریكرا و دۆناڵد تره‌مپ گووتی "نایناسم" روونیشیكردووه‌ته‌وه "ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه به قوربانیدانێكی زۆری هاوبه‌شه‌كانی ئه‌مه‌ریكا وه‌ك (هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق، پێشمه‌رگه، چه‌كدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووری، هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی) هاتوونه‌ته دی، له‌و پێناوه‌شدا خوێنی زۆریان به‌خشیووه‌و باجی زۆریانداوه".
مه‌كگۆرك ده‌ڵێت: "كلیلی سه‌ركه‌وتنه‌كان به‌هۆی بوونی هێزێكی كه‌م و كاریگه‌ری ئه‌مه‌ریكا بووه له سووریا، كاتێك ساڵی 2015 له‌وێ په‌یدابوون، داعشیان ئیفلیج كرد، نه‌خشه و پلانه‌كانی داعشیان تووشی شكست كرد تا نه‌توانێ جارێكی دیكه بیر له گه‌ڕانه‌وه بۆ سووریا و عێراق بكاته‌وه".
مه‌كگۆرك ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه "مانگی دیسه‌مبه‌ری رابردوو، مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندی پێوه كردووم و ئاگاداری كردمه‌وه كه سه‌رۆك پلانه‌كه‌ی گۆڕیوه، سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا راده‌گه‌یه‌نێت و داوای پلانی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا ده‌كات. منیش به خێرایی گه‌ڕامه‌وه واشنتن بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاربم له كه‌مكردنه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كانی ئه‌و بڕیاره، به‌تایبه‌تی كاریگه‌رییه خراپه‌كانی له‌سه‌ر هاوبه‌شه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه‌دا".
مه‌كگۆرك ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه كه دۆناڵد تره‌مپ بێ ئه‌وه‌ی راوێژ و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كۆنگرێس و هاوپه‌یمانه‌كان بكات ئه‌و بڕیاره‌ی داوه. بۆیه منیش كاتێك زانیم هیچ كاریگه‌رییه‌كم له‌سه‌ر ئه‌و رێنماییه نوێیانه نابێت، رۆژی 22/12/2018 به خێرایی ده‌ست له كاكێشانه‌وه‌ی خۆمم پێشكه‌شكرد".
مه‌كگۆرك ده‌ڵێت: "خراپترینی ئه‌م بڕیاره ئه‌وه‌یه تره‌مپ به‌خێرایی ده‌ریكرد، پاش په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا، پێشنیازه‌كه‌ی ئه‌ردۆغانی به جددی وه‌رگرتووه كه توركیا به‌ره‌نگاری داعش ده‌بێته‌وه له سووریا".
له‌وباره‌یه‌وه مه‌كگۆرك به واشنتن پۆستی گوتووه: "توركیا خۆی له سه‌دان میلی ناو (خاكی خۆی) بێ هاوكاری و پاڵپشتی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا ناتوانێت هیچ كارێك بكات. جگه له‌وه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا كه توركیا پاڵپشتیان ده‌كات، توندڕه‌وه‌كانن و به راشكاوی رایانگه‌یاندووه ده‌یانه‌وێت شه‌ڕی كورد بكه‌ن نه‌ك داعش".
مه‌كگۆرك له كۆتایی قسه‌كانیدا گوتوویه‌تی: "ئامانجه ستراتیژییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا نه‌یانه‌دی تا رێگه له گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش نه‌گیرێت، ئه‌ویش له رێگای ده‌سته‌به‌ركردنی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی به ته‌ندرووستی و ده‌سته‌به‌ركردنی گه‌یشتنی به‌رده‌وامی فڕۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئاسمانی سووریا بێ ئه‌وه‌ی به‌ر رووسه‌كان بكه‌وێت. ده‌كرێت ئه‌و ئامانجانه‌ش له رێگای پاڵپشتیی ئیسرائیله‌وه بێنه دی".