منداڵێکی ناو ئەشکەوتەکە بووە هۆی رزگارکردنی هەمووان

سام وەکو پاڵەوانی تیمەکە تەماشا دەکرێت

K24 - هه‌ولێر: 

چیرۆکی گیرخواردنی 12 منداڵی یاریزانی تۆپی پێ و راهێنەرەکەیان لە شاخێکی وڵاتی تایلەند، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. ئێستا کە ئەو منداڵانە رزگارکراون، هاوڕێیەکیان وەک پاڵەوانی رزگاکردنی ئەو تیمەی تۆپی پێ باس دەکرێت.

ئادول سام، گیرخواردوویەکی رزگارکراوی شاخەکە کە تەمەنی 14 ساڵە، بەهۆی تواناکانی و چیرۆکی ژیانی رابردووی رۆڵی کاریگەر هەبووە لە رزگارکردنی ئەو منداڵانە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە باسی ژیان و رۆڵی سام لە رزگاکردنی منداڵەکان نووسیویەتی، سام لە خێزانێکی هەژار بووە و خيڵەکەیان بە کاری ماددەی هۆشبەر سەرقاڵبوون و کۆچەری بوون، بەم هۆیەوە دایک و باوکی کاتێک سام تەمەنی 6 ساڵ بوو، ناوچەکەیان جێهێشتووە و لە تایلەند نیشتەجێبوون.

بینینی سەختی ژیان و ناڕەحەتی، وای لەو کوڕە 14 ساڵە کرد کە تەواوی ژیانی بۆ خوێندن و فێربوون تەرخان بکات، بەجۆرێک 4 زمانی بە ئینگلیزیەوە دەزانی.

کاتێک بۆ یەکەمجار ئەو منداڵانە لە ناو ئەشکەوتەکە لە لایەن دەریاوانێکی بەڕیتانی دەدۆزرێنەوە، تەنها سام ئینگلیزی دەزانێت. دەریاوانەکە لە رێگای سام دەزانێت کە کێشەکانیان چییە، ماوەی چەندە لەوێ گیریان خواردووە، کێشەی تەندروستییان چییە و لە دەرەوە چییان پێویستە.

ئێستا منداڵەکان رزگاربوون و سوپاسی سام دەکەن کە توانی زانیاری تەواو بداتە دەریاوانە بەڕیتانییەکە و کێشە تەندروستییەکانی هەر یەک لە گیرخواردووه‌كانی ئەشکەوتەکە.

H.J