توركیا عه‌فرین تۆپباران ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
تۆپخانه‌كانی توركیا ده‌ستیان به بۆردوومانی رێگه‌ی سه‌ره‌كی جندرێس و عه‌فرین كردووه‌و گوته‌بێژی یه‌په‌گه له عه‌فرین په‌یامێك ئاراسته‌ی رای گشتی ده‌كات.
برووسك حه‌سه‌كه، گوته‌بێژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه" له عه‌فرین رایگه‌یاندووه: "سوپای توركیا له به‌یانی ئه‌مرۆوه و به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ده‌ستی به بۆردوومانی ژماره‌یه‌ك ناوچه و ناحیه‌ی عه‌فرین كردووه‌و گوللـه تۆپیش له سه‌نته‌ری شاری عه‌فرین كه‌تووه‌ته خواره‌وه كه پڕه له خه‌ڵك و به‌تایبه‌تی له گه‌ڕه‌كی ترنده و ئه‌شره‌فیه، جگه له ناوه‌ندی ناحیه‌كانی شه‌ڕا و جندرێس مۆبه‌تۆ و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "فڕۆكه‌كانی توركیاش به چڕی ناحیه‌ی راجۆ و گوندی عه‌تمانه بۆمبا‌باران ده‌كه‌ن و به‌و هۆیه‌شه‌وه ته‌نها له یه‌ك خێران كه‌سێك شه‌هید بووه‌و 9 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون، جگه له‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له دانیشتوانی ناوچه‌كانی دیكه‌ش بریندارن و تا ئێستا ئاماری ته‌واو له به‌رده‌ستدا نییه".
مه‌سعوود محه‌مه‌د په‌یامنێری نێردراوی كوردستان 24 بۆ عه‌فرین، له گه‌شتی هه‌واڵه‌كانی كاتژمێر 15:00 دواین زانیاری له‌سه‌ر ره‌وشی ناوچه‌كه و تۆپباران و بۆمبارانه‌كانی توركیا خسته‌ڕوو.
لە 20/1/2018، هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عەفرين، له ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه زه‌يتون" و به بۆردوومانكردنی شاره‌كه له لايه‌ن فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه به فەرمی ده‌ستيپێكرد.
ئۆپەراسيۆنه‌كه وێڕاى به‌شدارى تانك و زرێپۆش و تۆپخانه‌كانى سوپاى توركيا و هێزى ئاسمانى ئه‌و وڵاته، به ياوه‌رى ده‌يان هه‌زار له چه‌كداره ميليشياييه‌كانى "سوپاى سوورياى ئازاد" به‌ڕێوه‌ده‌چێت.