كوردانی داڵاس ئاهه‌نگی سه‌ربه‌خۆیی ده‌گێڕن

كوردستان 24 سپۆنسه‌ری میدیایی كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه‌یه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئاهه‌نگ و كه‌رنه‌ڤاڵی كوردستانیان له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌رده‌وامه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له‌ شاری داڵاسی سه‌نته‌ری ویلایه‌تی تێكساسی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، كه‌رنه‌ڤاڵێكی پاڵپشتی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، كه‌ بریاره‌ رۆژی 25/9/2017 له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ریفراندۆم ئه‌نجام بدرێت.

كوردانی داڵاس هاوشانی كوردانی ناوخۆی كوردستان و ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و ئوسترالیا، بۆ ده‌ربڕینی پاڵپشتی و داواكردن له‌ كوردستانیان تا به‌ "به‌ڵێ" ده‌نگ بۆ ریفراندۆمه‌كه‌ بده‌ن، له‌ ده‌وری یه‌كتری كۆده‌بنه‌وه‌و به‌ وتار و گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕكێ، ماوه‌ی 5 كاتژمێر له‌ ده‌ربڕینی پاڵپشتی خۆیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بن.

ئاهه‌نگه‌كه‌ له ناوچه‌ی ئارلینگتۆنی داڵاس به‌رێوه‌ ده‌چێت و ‌تیمی كوردستان 24 ئاماده‌ی كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه‌ن و بۆ بینه‌رانی ده‌گوازنه‌وه‌.

كوردستانیانی داڵاس و ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئه‌مریكا، ده‌توانن له‌ ناونیشانی (701NW Green Oaks Blvd Arlington, TX  76012 United States ) به‌شداری ئاهه‌نگه‌كه‌ بكه‌ن و له‌ كاتژمێر 12:00 PM  5:00 PM به‌ كاتی ناوخۆیی و كاتژمێر 8:00 تا 1:00 شه‌و به‌ كاتی پایته‌ختی كوردستان.