بارزانی: لەبەر باری تەندروستی نەبوایە ھەفتەی جارێك سەردانی مام جەلالم دەكرد

كێشەی زۆر گەورەمان بە یەك تەلەفۆن چارە دەكرد

K24 - ھەولێر

مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، لە میانی وتارێكیدا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆ ئاشكرای دەكات لەبەر باری تەندروستی نەبوایە ھەفتەی جارێك سەردانی مام جەلال بكەم، بەڵام حەزناكەم مام جەلال بەو بارودۆخە ببینم.

سەرۆك بارزانی رایگەیاند: "تا تەندروستی مام جەلال باش بوو ھەفتانە یان ئەو دەھاتە لای من یان من دەچوومە لای ئەو، ئەگەر لە بەغداش بوایە بە تەلەفۆن قسەمان دەكرد، كێشەی زۆر گەورە روویدەدا، بە یەك تەلەفۆن چارەمان دەكرد، ئەگەر بمزانیبا مام جەلال دەتوانێ وەڵام بداتەوە یان قسە بكات ھەموو ھەفتەیەك دەچوومە لای، لەدوای نەخۆشكەوتنی دووجار چوومەتە لای مام جەلال، حەزناكەم بەو بارودۆخەوە بیبینم".

بارزانی و تاڵەبانی، سەرەڕایی جیاوازییەكانیان، چەندین ساڵە ھاوڕێ و ھاوسەنگەرن لە خەباتی كوردایەتی، لە چەندین وێستگەی خەباتی شار و شاخ پێكەوەبوونە.

جەلال تاڵەبانی، لە 18 كانوونی یەكەمی 2012، بە هۆی جەڵتەی مێشك گەیەندرایە نەخۆشخانەی بەغدا و دواتر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەیەك لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا. لە رۆژی 19 تەمموزی 2014 دوای 19 مانگ لە نەخۆشی، لە ئەڵمانیاوە گەڕایەوە سلێمانی.