خەڵکی بەسرە داوای بە هەرێمکردنی پارێزگاکەیان دەکەن

"داواكەی خەڵكی بەسرە دەستوورییە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

هاووڵاتیانی پارێزگای بەسرە جارێکی دیکە داوای بە هەرێمکردنی پارێزگاکەیان دەکەن، لەبەرامبەریشدا هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، داواکەی هاووڵاتییانی بەسرە بە دەستووری دەزانێت و دووپاتیدەکاتەوە، پشتگیری لە هەر هەوڵێکی بە هەرێمبوونی بەسرە دەکەن.

خەلەف عەبدولسەمەد، سەرکردە لە هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی رایگەیاند "ئەزموونی نوێی سیاسەت ئەوەی سەلماندووە، هەرێمەکان دەتوانن باشتر لە پارێزگاکان بە مافەکانیان  بگەن، هەرێمی کوردستانیش نموونەیەکی دیاری ئەو حاڵەتەیە".

سەبارەت بە دەستووری بوونی داوای هاووڵاتییانی بەسرە بۆ بە هەرێمبوونی پارێزگاکەیان ئەو سەرکردەی دەوڵەتی یاسا گوتوویەتی "داوای هاووڵاتییانی بەسرە بەپێی دەستووری عێراق رێپێدراو و یاساییە ، هەروەها پشتگیری لە هەر هەوڵێکی دەستووری دەکەین".

هەندێك لایەنی سیاسی عێراق دروستبوونی هەرێمی بەسرە بە گورزێك بۆ دەسەڵاتەکانی حکوومەت و دەرچوون لە فەرمانەکانی دەوڵەتی پێناسە دەکەن، بەڵام عەبدولسەمەد خەلەف رەتیدەکاتەوە،  بە هەرێمبوونی بەسرە ببێتە هۆکارێك بۆ لاوازبوونی دەسەڵاتی حکوومەت.

ئاماژە بەوەشدەدات "هەرێمەکە لەژێر دەسەڵاتی حکوومەت دەبێت و بەپێی دەستوور ماف و ئەرکەکانی دیاری دەکرێت".

لەماوەی 15 ساڵی رابردوودا، بەهۆی نەبوونی کارەبا، خزمەتگوزاری و بێکاری هاووڵاتییانی پارێزگای بەسرە چەندینجار خۆپیشاندانیان دژ بە دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەت ئەنجامداوە، لەبەرامبەریشدا حکوومەت بەردەوام بۆ دامرکاندنەوەی توڕەیی خۆپیشاندەران بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی داوە، بەڵام وەکو هاووڵاتییانی بەسرە ئاماژەی پێدەدەن، جگە لە بەڵێن حکوومەت هیچ کارێکی دیکەی بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان نەکردووە.