كامێرا نهێنییه‌كان پێشێلكارییه‌كانی ناو ناوه‌ندێكی ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران له بریتانیا ئاشكرا ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌و وێنانه‌ی كامیرا نهێنییه‌كانی ناوه‌ندێكی ده‌ستبه‌سه‌ركردن و ناردنه‌وه‌ی بیانییه‌كانی بریتانیا، قه‌باره‌ی ئه‌و مامه‌ڵه خراپه ده‌رده‌خات كه به‌رامبه‌ر ده‌ستگیركراوه‌كان ئه‌نجامدراون.
بی بی سی، ئه‌و گرتانه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه كه كامێرا نهێنییه‌كان له ناوه‌ندی ده‌ركردنی په‌نابه‌رانی "برۆك هاوس" له له‌نده‌ن توماریان كردووه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی بی بی سی، ئه‌و گرتانه له لایه‌ن كه‌سێكه‌وه به ناوی "كالوم توللی" كه یه‌كێكه له كرێكاره‌كانی ناوه‌ندی ده‌ركردنی په‌نابه‌ران، بۆ پرۆگرامی پانۆرامای كه‌ناڵه‌كه‌ی ناردووه.
له گرته‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت كه "ئه‌و راگیراوانه‌ی به نیازی ناردنه‌وه له‌و شوێنه‌دان، له‌گه‌ڵ زیندانییه تاوانكاره‌كانی دیكه‌دا له‌و ناوه‌نده زیندانی كراون".
هه‌روه‌ها كامێرا‌كان مامه‌ڵه‌ی ژماره‌یه‌ك له كارمه‌ندانی ناوه‌نده‌كه‌یان تۆماركردووه كه توندوتیژی به‌رامبه‌ر ده‌ستگیركراوه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، جگه له‌وه‌ی هه‌ندێك له ده‌ستگیركراوه‌كان هه‌وڵی ئه‌وه‌یانداوه به‌هۆی ماده‌یه‌كی هۆشبه‌ر به ناوی "به‌هارات" خۆیان بكوژن، ماده‌كه‌یش به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له ناوه‌نده‌كه‌دا به‌كارده‌هینرێت.
هه‌روه‌ها له ڤیدیۆكاندا ده‌بینرێت كه، پێدانی ماده‌ی هۆشبه‌ر له ناوه‌ندی ده‌ركردنی په‌نابه‌ران گه‌یشتووه‌ته ئاستێكی مه‌ترسیدار.
هه‌ر چه‌نده ده‌بوو ماوه‌ی مانه‌وه له‌و ناوه‌نده‌دا كه ساڵی 2009 درووستكراوه له 48 رۆژ تێپه‌ر نه‌كات، به‌ڵام هه‌ندێك ده‌ستگیراو هه‌ن ماوه‌ی زیاتر له دوو ساڵ و شه‌ش مانگه له‌و شوێنه‌دا هێڵراونه‌ته‌وه.
توللی كه ڤیدیۆكه‌ی هێناوه‌ته ده‌ره‌وه به بی بی سی راگه‌یاندووه: "من به چاوی خۆم بینیومه، بڕیاری ده‌ركردن بۆ كه‌سانێك ده‌ركراوه، سه‌ره‌ڕای خواستی ئه‌و كه‌سانه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ وڵاته‌كانی خۆیان، به‌ڵام دوای چه‌ندین مانگ بڕیاره‌كه جیبه‌جێ نه‌كراوه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه "45% ژماره‌ی ده‌ستگیركراوه‌كانی ناوه‌ندی ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران كه ده‌كه‌وێته نزیك فرۆكه‌خانه‌ی "گاتویك" له له‌نده‌ن، كه ژماره‌یان 508 كه‌سه، تاوانی جۆراوجۆریان ئه‌نجامداوه‌و به‌شێكیشیان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن بنێردرێنه‌وه بۆ وڵاته‌كانی خۆیان".
به‌ڵام 55% ده‌ستگیركراوه‌كانی ئه‌و ناوه‌نده ئه‌و كه‌سانه‌ن كه داوای مافی په‌نابه‌رێتییان قبوڵ نه‌كراوه‌و ماوه‌ی دیاریكراوی مانه‌وه‌یان له‌و وڵاته كۆتایی هاتووه‌ن.
هه‌روه‌ها له‌و ناوه‌نده‌دا خه‌ڵكانی بیانیش هه‌ن كه رێگه‌یان پێدراوه بۆ جاری دووه‌م بێنه‌وه بریتانیا، پاش ئه‌وه‌ی بڕیاری ناردنه‌وه‌یان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌و سه‌لمێنراوه كه مافی خۆیانه نه‌نێردرێنه‌وه وڵاته‌كانی خۆیان.
دوای ئه‌وه‌ی بی بی سی ئه‌و گرتانه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه، ئه‌و كۆمپانیایه‌ی به‌رپرسی هه‌ڵسوڕانی ناوه‌ندی ناردنه‌وه‌كه‌یه، 9 كارمه‌ندی خۆی له كار ده‌ركردووه‌و لێكۆلینه‌وه‌ی له رووداوه‌كان ده‌ستپێكردووه.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی بریتانیاش رایگه‌یاندووه: "به‌رپرسی ناوه‌نده‌كه‌یان له كار دوورخستووه‌ته‌وه".