سه‌رۆك بارزانی: تەعریب زوڵم و ناحەقییەكی گەورەیە و جیاوازە لە هەموو بابەتێكی تر

سه‌رۆك بارزانی بۆ خه‌ڵكی سه‌رگه‌ڕان: وره‌تان به‌رز بێت و هه‌رگیز به‌ته‌نیا جێتان ناهێڵین

K24- هه‌ولێر:

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ كەسایەتی و پیاوماقوولانی ناوچەی سەرگەڕان، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ئاماده‌بووانی دڵنیا كردەوە، كە گەلی كوردستان لە پشتیانە و هەموو ڕێگەیەك دەگرنەبەر، بۆ ئەوەی پڕۆسەی نامرۆڤانەی تەعریب لەو ناوچانە بوه‌ستێندرێت و، دۆخه‌كه‌ بۆ حاڵەتی سرووشتی خۆی بگەڕێتەوە و تەعریب و زۆرداری و پێشێلكردنی مافی خەڵك قابیلی قبوڵ نییە.

سه‌رۆك بارزانی گووتیشی: خەڵكی كوردستان خاوەنی ڕەوشتێكی بەرز و كولتوورێكی دەوڵەمەندە لە ڕێزگرتنی نەتەوە و ئایینەكانیدیكه‌، هیچ كاتیش خوازیاری ئەوە نین كە كێشەی سیاسی لەگەڵ حكوومەتەكان ببێتە هۆی گرفت و شەڕی نێوان نەتەوەكان. لەگەڵ ئەوەشدا تەعریب پڕۆسەیەكی مەترسیدار و ستەمكارییە دەرهەق بە خەڵكی ئەو ناوچانە كراوە.

سەرۆك بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی كرد و داواشی كرد، ورەیان بەرز بێت و هیوایان هەبێت، هه‌وره‌ها جەختی كردەوە، لەبەرامبەر زوڵم و زۆر و تەعریب و خۆسەپاندندا هەرگیز بە تەنیا بە جیێان ناهێڵین.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، كەسایەتییەكانی ناوچەی سەرگەڕان نیگەرانی و تێبنییەكانی خۆیان و خەڵكی ناوچەكەیان لەمەڕ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی تەعریب بە سەرۆك بارزانی گەیاند و، باسیان لە وردەكاریی بارودۆخی ناوچەكە و شێوازەكانی تەعریب لە ڕابردوو و ئێستادا كرد. وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی خۆشیان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، داواشیان كرد، سەرۆك بارزانی سنوورێك بۆ هەڵمەتی نوێی تەعریب كردن دابنێت، كە ئێستا لە ناوچەی سەرگەڕان و چەندین ناوچەی تر دەستی پێكردووە.

 

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/d67f1e38-f45e-46a2-92ec-724ed17365b8/011818FCE.ism/manifest