سوپاى فه‌ره‌نسا شه‌ش تۆپخانه‌ى له‌ باكوورى سووريا دامه‌زراند

له‌ ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى يه‌په‌گه‌ن

K24 – هه‌ولێر:

سه‌ربازانى فەرەنسا شەش تۆپخانەیان لە نزیک گوندی (باگوز)ى سنوورى پارێزگای دێرزوور له‌ باكوورى سووريا و له‌ ناوچه‌كانى ژێر كۆنترۆڵى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه‌) جێگر كرد.

ئاژانسى هه‌واڵده‌رى (ئه‌نادۆڵ)ى توركى بڵاويكرده‌وه‌، "ھێزەکانی فەرەنسا، پشتیوانی سەربازی لە ناوچەکانی منبج، حەسەکە، عەین عیسا، رەققە جێگیرکردووە".

پێشتر (ئاژانسی ھەواڵده‌ری فەرەنسی) لە (9ى حوزەیران/ يۆنيۆی 2016) ھەواڵێکی بڵاوکردبوویەوە و ئاماژەی بەوەدابوو، کە وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەیان ھێزەکانی کۆماندۆزی فەرەنسی لە باکووری سووریا و لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی (یەپەگە) بڵاوکردووه‌تەوە و له‌ ئه‌ركدان.

بەم دواییانە، ھێزێکی زۆری فەرەنسی کە لە عێراق ئەرکیان جێبەجێ دەکرد لە ناوچەکانی رۆژئاواى كوردستان و باكوورى سووريا بڵاوکراونەتەوە، کە لە شارەکانی (منبج) رۆژھەڵاتی پارێزگای حەلەب باکووری سووریا و ھەردوو پارێزگای دێرزوور و حەسەکە و بە زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی بینراون.

ھێزەکانی فەرەنسا بە شێوەیەکی سەرەکی لە گردی (مشتی نور) باشووری شاری (كوبانێ) و ناحیەی (سرین) و دەورووبەری (حەلەب) و شارۆچکەی (عەین عیسا) لەگەڵ گوندی (خەراب عاشق) باکووری پارێزگای رەققە باکووری سووریا جێگیرکراون.

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ