پێشبینی ده‌كرێت له‌ ئاماده‌كردنی بودجه‌ی عێراق پشكی هه‌رێم زیاتر بكرێت

به‌مزووانه‌ ره‌شنووسی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2021 ده‌گاته‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

لە ئامادەكردنی بودجەی گشتیی ساڵی 2021ی عێراق، پێشبینی ده‌كرێت بەھای یەك بەرمیل نەوت لە نێوان 43 تا 45 دۆلار بخەمڵێندرێت، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی له‌ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر بەشی ھەرێمی كوردستان وەك ساڵی 2019 بە رێژه‌ی له‌ 12.67% دیاریبكرێت، ئەوا بەشی ھەرێمی كوردستان 7 تا 8 ملیار دۆلار دەبێت.

له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ش، محه‌مه‌د ئیلخانی، بڕیاردەری لێژنەی دارایی له‌ پەرلەمانی كوردستانیش داوای كرد، پشكی ھەرێمی كوردستان لە ململانێ سیاسییەكان بەدەر بێت.

بەھۆی نەبوونی یاسای بودجە لە ساڵی 2020، حكومەتی عێراق پشت بە یاسای ئیدارەی مالی دەبەستێت، ئەمەش وایكردووە بڕێكی یەكجار كەم پارە وەك شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان رەوانەی ھەولێر بكرێت. چاوەڕێ دەكرێت بە دەركردنی یاسای بودجە، پشكی ھەرێمی كوردستان زیاتر بێت لەو بەشەی كە ئێستا بۆ ھەرێمی كوردستان ره‌وانه‌ ده‌كرێت.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، لە بودجەی ساڵی 2019ـدا نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 56 دۆلار جێگیركرابوو، چونكە ئەوكات سەرەڕای ئەوەی كۆرۆنا نەبوو، لەھەمان كاتدا عێراق دەیتوانی رۆژانە نزیكەی 3 ملیۆن و نیو تا 4 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرھەم بھێنێت، بەڵام ئێستا ئۆپێك بڕی بەرھەمھێنانی لێ كەمكردوەتەوە.

H.B