ھێمن ھەورامی: كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكرێت

پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ھێمن ھەورامی، كاندیدی بۆ جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكیدا لەبارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان رایگەیاند: "كاتژمێری 11ی نیوەڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت و پەرلەمانتارانی یەكێتی بەڕێوەن بەرەو پەرلەمان دێن".

ھەر پەیوەست بە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانو رزگار عیسا سوار، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24ی گوت: "بڕیارە كاتژمێر 11ی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت، ئەگەر لەسەر داوای ھەموو فراكسیۆنەكان چەند كاتژمێرێكیش كۆبوونەوە دوابخرێت، ئه‌وه‌ كارێكی یاساییە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كۆبوونه‌وه‌كه‌ لەكاتی خۆیدا بكرێت".

بەپێی ئەو وادەیەی كە پارتی و یەكێتی و دواتریش لایەنەكانی دیكە و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لەسەری رێككەوتوون، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە، بۆ تەواوكردنی یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان و ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، كە تا ئێستا دانیشتنەكە بە كراوەیی ماوەتەوە.

ھەرچەندە یەكێتی رایگەیاندبوو كە ھەوڵی دواخستنی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان دەدەن، بەڵام ئومێد خۆشناو، پەرلەمانتاری پارتی بە كوردستان24ـی راگەیاند، تا ئێستا ھیچ بڕیارێك بۆ دواخستنی كۆبوونەوەكە نەدراوە و بەپێی ئەو بانگھێشتنامەیە، كە سەرۆكی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بۆ پەرلەمانتارانی ناردووە، ئەمرۆ پەرلەمان كۆدەبێتەوە.

لە كۆبوونەوەی رۆژی 5/2/2019 نێوان پارتی و یەكێتی رێككەوتن لەسەر ئەوە كراوە، كە ئەمڕۆ دووشەممە 18/02/2019 کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام کوبوونەوەکە نەکرا.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، بەهۆی نەهاتنە پێشەوەی یەکێتی کۆبوونەوەکە دواخراوە، بەوەی یەکێتی داوای دەکرد شوێنی کۆبوونەوەکە لە هەولێرەوە بگوازرێتەوە بۆ قەرەهەنجیر و هه‌ر لەو کۆبوونەوەیەش، دەنگ لەسەر کاندیدەکەی ئەوان بدرێت.