نهێنییەکی گەورەی نێوان مێسی و سامپاولی لە مۆندیالی رووسیا ئاشکرا دەبێت

مێسی هێرشی کردووەتە سەر سامپاولی

رۆژنامەنووسێکی ئارجێنتینی نهێنییەکی گەورەی نێوان لیۆنێل مێسی و خۆرخێ سامپاولی لە کاتی بەشداریکردنی ئارجینتینا لە مۆندیالی 2018 ئاشکرا دەکات.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە زاری ئاریال سینۆساینی رۆژنامەنووسی ئارجێنتینییەوە ئاشکرایکردووە، دوای ئەوەی لە قۆناخی کۆمەڵەکان ئارجێنتینا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بە کڕواتیا دۆڕا، لیۆنێل مێسی و خاڤیێر ماسکیرانۆ داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان لە خۆرخێ سامپاولی و دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەکەیان کردووە.
رۆژنامەنووسەکە ئاشکرایکردووە، مێسی و ماسکیرانۆ داوای روونکردنەوەیان لەبارەی پلانی یاریکردنی هەڵبژاردەکەیان لە سامپاولی کردووە، تەنانەت مێسی هێرشی کردووەتە سەر سامپاولی و پێیگوتووە هەمیشە تۆ بە ئاشکرا داوای ئەوەم لێدەکەی ناوی ئەو یاریزانە دەستنیشان بکەم کە حەز دەکەم یارییان لەگەڵ بکەم، بەڵام من هەرگیز هیچ ناوێکم پێنەداوی و قسەم نەکردووە.
تەنانەت رۆژنامەنووسەکە رایگەیاندووە، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئارجێنتیناش لەو کۆبوونەوەیە ئامادەبووە و پشتگیری قسەی مێسی و ماسکیرانۆی کردووە، هەربۆیە یەکێک لە یاریدەدەرەکانی سامپاولی دژی ئەم هەڵسوکەوتانە ویستویەتی دەستلەکاربکێشێتەوە، بەڵام سامپاولی رێگری لێکردووە.
چەند جارێک لەلایەن میدیاکانەوە مێسی بە دەستتێوەردان لە کاروباری راهێنەر تۆمەتبار کراوە، کە لە مۆندیالی2018 لەگەڵ ئارجێنتینا لە قۆناخی 16وە ماڵئاواییان کرد.