له هه‌ولێر نوێژی هه‌ینی به‌گوێره‌ی رێنماییه‌كانی خۆپارێزی به‌ڕێوه‌چوو
K24- هه‌ولێر:
وتار و نوێژی هەینی لە مزگه‌وته‌كانی شاری هەولێر لە چوارچێوەی رێکارە خۆپارێزیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرێوەچوو. پێش چوونە ژوورەوەی نوێژخوێنان بۆ ناو مزگەوتەکان، ده‌مامكیان بەسەردا دابەش کرا, بۆ لەمەودواش وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی چاودێری جێبەجێکردنی رێکارە تەندروستیەکان دەکات.
به‌یار فایه‌ق، بەرێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر جه‌خت ده‌كاته‌وه، هەڵمەتی دابەشکردنی ماسك و هۆشیاری هاووڵاتیان له سه‌رانسه‌ری سنووری پارێزگای هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئه‌و كاره‌ش له‌لایه‌ن ئیداره‌ی قه‌زا و ناحییه‌كانه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
رێنمایيەکانی خۆپارێزی لە مزگەوتەکان توند دەکرێن و دەبێت مامۆستایانی ئایینیش پابەندی رێنمایەکان بن، نابێت لە کاتی ئەنجامدانی نوێژی بە کۆمەڵ نێوانیان لە مەترێك کەمتر بێت و کاتی وتار و نوێژیش کورت بکرێتەوە, نوێژخوێنانیش لە ماڵەوە دەستنوێژ بگرن، مزگەوتەکانیش تەنها بۆ کاتی نوێژخوێندن بکرێنەوە.
یەکێك لە رێگریەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بابه‌تى خۆپارێزیە لە هەرێمی کوردستان، به‌لام هاووڵاتیان وەك پێوست پابەندی رێنمایيە تەندروستیەکان نین، ئەمەش بووەتە هۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسه‌كه, بەپيێ ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیش ژماره‌ی تووشبووانی ئه‌و په‌تایه لە هەرێمی کوردستان 1000 حاڵه‌تی تێپەراندووه و مەترسی زیاتری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت.
H.B