سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری ئیتاڵیا كۆبوه‌وه‌

ئیتاڵیا ستايشى رۆڵی مەسرور بارزانی ده‌کات لە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر: 

سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە 19ی شوباتی 2020 لە رۆما لەگەڵ لۆرێنزۆ گویرینی وەزیری بەرگری ئیتاڵیا کۆبووەوە و تاوتوێی چەندین پرسی هاوبەشیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا، لە سەرجەم بوارەکان کرا و  پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکەش تاوتوێ کرا.

جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرایەوە، بەتایبەت لە بواری مەشق و راهێنانکردن. هەردوولا هاوڕابوون کە هێشتا داعش هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر ئاسایشی عێراق، بۆیە پێویستە هەماهەنگی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و تیرۆر بەگشتی ھەبێت.

وەزیری بەرگری ئیتاڵیا رۆڵی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەرزنرخاند لە کەمکردنەوەی گرژیییەکان لە ناوچەکەدا.

سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی ئیتاڵیای کرد بۆ پشتیوانی و هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە بواری سەربازی و شەڕی دژی تیرۆر و هیوای پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی خواست.