نێچیرڤان بارزانی: نابێت هیچ لایه‌نێك به‌بێ گه‌رانه‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدادا بكات

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران: هەموو لایەنە كوردستانیه‌کان دژی دوو ئیدارەیی و مامەڵەکردنی سەربەخۆی لایەنەکانن لەگەڵ بەغدا

K24- هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەموو لایەنە كوردستانیه‌کان دژی دوو ئیدارەیی و مامەڵەکردنی سەربەخۆی لایەنەکانن لەگەڵ بەغدا.

دوای کۆبوونەوەی شاندی حکومەت لەگەڵ حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان بۆ هەڵسەناندنی بارودۆخی ئێستایە، وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی حكومه‌تدا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان، دوو بۆچوون هه‌یه‌، یه‌كێكیان پێكهێنانی حكومه‌تێكی كاتیه‌، دووه‌میش ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌. هه‌روه‌ها گوتیشی: كاتێك كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان كۆتایی پێهات، بڕیاری خۆیان له‌باره‌ی حكومه‌تی كاتی و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ده‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن باشترین رێگه‌چاره‌ بۆ ئه‌و دۆخه‌ی ئێستای كوردستان هه‌ڵبژێرن.

سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانی شاندی هه‌رێمی كوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی گوتی، تائێستا واده‌ی ئه‌و سه‌ردانه‌ دیاری نه‌كراوه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌وان وه‌ك شاندی حكومه‌ت سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن، شانده‌كه‌ش نوێنه‌ری‌ سه‌رجه‌م ئه‌و حزب و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ له‌خۆده‌گرێت، كه‌ له‌ حكومه‌تدا به‌شدارن.