لاپه‌ڕه‌یه‌كی نویی په‌یوه‌ندی له‌نێوان هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ ده‌كرێته‌وه‌

"ئەو سیاسەتەی بەم دوایەی بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئێران و عێراق دژ بە ھەرێمی کوردستان گرتییە بەر، بە زەرەر بۆ تورکیا گەڕایەوە"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

دوای رێفراندۆم زیانی زۆری سیاسی و ئابووری بەتورکیا کەوتووە و سیاسەتی ئەم دواییەی ئەنقەرە بەرامبەر بەهەرێمی کوردستان خزمەتی بە ئێران کردووە.

چاودێرانی سیاسیش لە تورکیاش له‌و باوه‌ڕه‌دان، ئیستا ئاماژەی زۆر هەن، کە هەوڵەکان بەشێوەی فەرمی و نا فەرمی لە ئارادان، بۆئه‌وه‌ی لاپەره‌یه‌کی نوێی پەیوەندی لە نێوان هەولێر و ئەنقەرە بکرێتەوە.

بەشێک لە چاودێرانی سیاسی تورکیا پێیان وایه‌، ئەو سیاسەتەی بەم دوایەی بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئێران و عێراق، دژ بە ھەرێمی کوردستان گرتییە بەر، بە زەرەر بۆ تورکیا گەڕایەوە و خزمەتی زۆری بە لایەنە نەیارەکانی تورکیا و ھیلالی شیعە و ئێرانی کردووە، تورکیا دڵگرانە کە کەرکووک بەتەواوه‌تی کەوتۆتە ژێر ھەژموونی ئێران و ئێستا بە خەڵکی شیعە مەزھەب تەعریب دەکرێتەوە.

بۆ گەڕانەوەی باڵانسی ھێز و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، ئەنقەرە چاوی لەوەیە پەیوەندییەکانی وەک پێشوو، لەگەڵ ھەولێر ئاساییبکاتەوە، بەلایەنی کەمەوە لەوە زیاتر زیان بە بەرژەوەندیەکانی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق نەکەوێت، کە لەرووی سیاسی و ئابووری بەری کەوتووە.

خاڵی ھاوبەشی بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری لەنێوان ھەولێر و ئەنقەرە زۆرن، ئەمانەش وای کردووە، ساردی لەپەیوەندییەکانی ھەردوولا کاڵبێتەوە و کەناڵی پەیوەندی ئەگەر بەشێوەی نا فەرمی و دوور لەچاوی کامیرە و میدیاکانیش بوو بێت، لەرێگای سەردانی کەسایەتیەکان یانيش پەیوەندی تەلەفۆنی، لە نێوان بەرپرسانی ھەولێر و ئەنقەرە  بەردەوام بووە و رەنگدانەوەشی لە سیاسەتی ئەنقەرە بەرامبەر بە ھەولێر بە روونی دەرکەوتووە.