چیرۆکی ئەو گه‌نجه‌ی چووە ناو داعش و ژیانی سەدان کەسی رزگارکرد

چووە ناو داعش و زانیاری دەدایە هێزەکانی عێراق

K24 – هه‌ولێر:

شوفێرێکی پەشۆکاو، لە کاتی لێخوڕینی کیا بارهەڵگرەکەی، ورد ورد ئارەقی دەڕشت و لەگەڵ زیادبوونی لێدانی دڵی، خێرایی ئۆتۆمبێلەکەی زیاد دەکرد.

"رێکخراوەکەی"، داعش، نیو تۆن تەقەمەنیان لەناو ئۆتۆمبێلەکەی قایمکردبوو تاکو لە جەژنی سەری ساڵ و لەناو قەرەباڵخی هەڕاجفرۆشانی بەغدا، بیتەقێنێتەوە.

حارس ئەلسودانی، جیا لەوەی ئەو بڕە زۆرە تەقەمەنییەی پێبوو، هۆکارێکی دیکەشی هەبوو کە بترسێت. 16 مانگ بوو وەکو سیخوڕێکی سوپای عێراق کاری دەستەکەوتنی زانیاری هەواڵگیری دەکرد.

لەکاتی رۆشتنی بۆ شوێنێ چالاکییەکەی کە دەکەوتە ناوچەی جەدیدە لە بەغدا، بیری لەوە دەکردووە خۆ ئەگەر ئەو کارەکە ئەنجامنەدا، داعش رەنگە بیکوژێت.

پێش ئەوەی بەڕێشبکەوێت، نامەیەکی بۆ باوکی ناردبوو و تیایدا نوسیبووی: "دوعام بۆ بکە".

حارس لە زانکۆی بەغدا زمانەکانی ئینگلیزی و رووسی دەخوێند، شارەزایی لە کۆمپیتەر هەبوو، هاوڕێ و مامۆستاکانی هەرگیز گومانی ئەوەیان لێندەکرد رۆژێک ببێتە سیخوڕ.

لە ساڵی 2006، حکوومەتی عێراق بە یارمەتی سوپای ئەمەریکا، هێزێکی تایبەتی بەناوی "هەڵۆکان" بۆ بەرەنگاری کاری تیرۆرستی دروستکرد، کە ئەندامانیان کەسی شارەزا بوون.

حارس وەک یەکێک لە ئەندامانی ئەو تیمە وەرگیرا و زۆریش دڵی پێیخۆشبوو.

کاتێک لە ساڵی 2014، داعش هاتە عێراق و بەشێکی زۆری داگیرکرد، سەدان ژن و منداڵی بێتاوانی کوشت و سەربڕی.

حارس بڕیاریدا هەمووشتێک بکات تاکو بەرەنگاری ئەو گروپە ببێتەوە.

ئەمەش وایکرد حارس وەکو سیخورێکی هێزە عێراقییەکان، بچێتە ناو داعش.

شەوێک پێش چالاکییەکەی لەگەڵ موناف، برای حارس و ئەندام لە هەمان تیمی هەڵۆکان، باسی ئەوەی کردبوو، کارەکەی کە دەبێت سبەی بیکات، چەند مەترسیدارە.

کاتێک رۆژهەڵدێت و دونیا روناک دەبێتەوە، بەرپرسی چالاکییەکەی حارس لە ناو داعش داوای لێدەکات بچێت بۆ مزگەوتێک لە گەڕەکی تارمییە کە ئەو تۆڕەی داعش تیایدا کۆبوونەوەیان دەکرد.

موناف لەدەرەوەی مزگەوتەکە، چاودێری براکەی دەکرد، بەهۆی دواکەوتنی زۆری حارس، ترسی ئەوەی هەبوو کەشتێکی نەخوازراو روویدابێت.

بەڵام هەمووشتێک بەسەرکەوتووی کۆتایی هات و ئەمیرەکەی داعش حارسی بۆ چالاکییەکە راسپارد.

حارس ئۆتۆمبێلە پڕ لە تەقەمنییەکە دەباتە لای هێزە ئەمنییەکان و لە رێگای هەشت شارەزای تەقەمەنی، پووچەڵی دەکەنەوە.

ئەمیرەکەی هەست بەو کارە دەکات و پەیوەندی پێوەدەکات و پێی دەڵێت کە حارس درۆیان لەگەڵ دەکات، بەڵام حارس دڵنیایی دەدات.

نەقیب حارس ئۆتۆمبێلەکەی بردە شوێنی مەبەست بەڵام بە بێ تەقەمەنی، شەوی سەری ساڵ، میدیا عێراقییەکان، هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە ئۆتۆمبێلێک بە بێ زیانی گیانی تەقیوەتەوە.

حارس توانی سەرکەوتووبێت، بەڵام ئەوەی ئەو سیخورەی هێزەکانی عێراق نەیدەزانی، داعش دوو ئامێری دەنگیان لە ئۆتۆمبێلەکە بۆ چاودێری دانابوو، گوێیان لە تەواوی قسەکانی نێوان حارس و هێزە ئەمنییەکان گرتبوو.

مردنی نەقیب حارس

لە مانگی یەکی ساڵی 2017، ئەمیرەکەی داعش، پەیوەندی دەکات بە حارسەوە و داوای لێدەکات چالاکی نوێ ئەنجام بدات لە شوێنێکی زۆر گوماناویی.

مونافی برای پێیدەڵێت کە ئەو کارە نەکات بەڵام رەتی دەکاتەوە.

"ئەوە کوێری کردبوو کە دەیویست هەموو شتێک بکات تاکو ئێمە شانازی بکەین پێوەی" حارس لەسەر براکەی دەیڵێت.

شوێنی کۆبوونەوەی حارس و داعش، کێلگەیەک دەبێت کە لە ناوەڕاستی خانوویەک هەیە، لە کاتی خۆرئاوابوون، تیمی هەڵۆکان فەرماندە فالحی بەرپرسیان ئاگادار دەکەنەوە کە شێکی هەڵە روویداوە.

خانووەکە لە ناوچەی تارمییە بووە، پێگەی سەرەکی داعش بوو و تەواویش مەترسیداربوو.

کاتێک هێزە ئەمنییەکان دەزانن کە حارس لە مەترسیدایە، بۆ رزگاکردنی ئۆپەراسیۆنێک ئەنجام دەدەن، بەڵام کاتێک دەگەنە شوێنە، چەکدارانی داعش بەرەنگاریان دەبنەوە و بەهۆیەوە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان گیان لەدەستدەدات.

باوکی حارس بە گریان و پاڕانەوەی داوا لە هێزەکان دەکات پەلەبکەن لە رزگاکردنی کوڕەکەی، بەڵام کاتێک هێزە ئەمنییەکان شوێنەکە کۆنتڕۆڵ دەکەن، نەقیب حارس نادۆزنەوە.

حارس وەک زیندانی بۆ قەزای قائیم کە دەکەوێتە سنووری نێوان عێراق و سووریا دەگوازرێتەوە.

هێزە ئەمنییەکانی دوای لێکۆڵینەوەی زۆر بۆیان ئاشکرادەبێت، داعش گوێی لە قسەکانی حارس بووە و زانیویانە سەر بە دەزگا ئەمنییەکانە.

لە مانگی هەشتدا، داعش ڤیدیۆی سەربڕینی چەند کەسێکی بڵاوکردەوە، یەکێک لەوان، حارس بوو.

هێزەکانی عێراق حارس وەک سیمبولی گیانفیدایی دەناسێنن، بەدیواری ماڵە قوڕاوییەکەی باوکی، چەند پۆستەرێکیان بە وێنە و وتەی جیاوازەوە هەڵواسیووە.

برینی دایک و باوکی حارس، بەردەوام خوێنێ لێدەچۆڕێت، چونکە ئەوان تەنانەت نەیانتوانی لاشەکەشی بدۆزنەوە.

عابد ئەلسودانی، باوکی حارس، لەسەر کوڕەکەی دەڵێت: "من برینێک لەناو دڵمدا هەیە، ئەو بۆ وڵاتەکەی ژیا و مرد، دەبێت ئەم نەتەوەیە وەکو من شانازی پێوەبکەن".

بوونی ئەندامێکی وەک نەقیب حارس، وایکرد حکوومەتی عێراق بودجەی زیاتر بۆ ئەو تیمە تەرخانبکات، هاوپەیمانانیش گرنگی زیاتری پێدەدەن.

ئەلسودانی، توانی لەماوەی کارکردنی، 30 تەقینەوەی ئۆتۆمبێل و 18 تەقینەوەی خۆکوژی داعش بەشێوازی جۆراوجۆر پووچەڵبکاتەوە.

لەمانگی 11، شارۆچکەی قائیم، لە لایەن هێزە عێراقییەکان کۆنتڕۆڵکرا، بەڵام هەرگیز جەستەی کوژراوی حارس، نەدۆزرایەوە.

 

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/fe8b9b53-e4f9-47d0-921c-482f14a002ca/TheIraqISpyWhoInfiltratedISIS2.ism/manifest

ساتی چاودێریکردن و پووچەڵکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی حارس شۆفێرەکەیەتی

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/db339d95-045a-42cc-b3c6-69e3187fc952/TheIraqiSpywhoInfiltratedISIS1.ism/manifest

سەرچاوە: نیویۆرک تایمز

H.J