حکومەتی رووسیا هەواڵێکی دڵخۆشکەر لەبارەی پێکوتەی کۆرۆنا بڵاودەکاتەوە

وادەی بڵاوکردنەوەی پێکوتەکەی راگەیاند

K24- هەولێر:

وەزیری بەرگری رووسیا لە لێدوانێکی لەبارەی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رایگەیاند، ئەو کەسە خۆبەخشانەی تاقیکردنەوەیان لەسەر کراوە، بەرگریان دژی ڤایرۆسەکە پەیدا کردووە.

راشیگەیاند، دروستکردنی پێکوتەکە ئێستا لە قۆناغی کۆتاییە کە  لە نیوەی مانگی شەش دەست بە تاقیکردنەوەی کرا.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی ئاڕ تی رووسی، گروپی یەکەمی تاقیکردنەوەکە لە 15ـی مانگی حەوت کۆتایی بە تاقیکردنەوە لەسەریان دێت، ئەوان هیچ کاریگەرییەکی لاوەکیان لەسەر دروست نەبووە، هەروەها گروپی دووەم، کە چەند رۆژێک دوای ئەوان تاقیکردنەوەیان لەسەر کراوە، جارێکی دیکە تاقیکردنەوەی کۆتاییان لەسەر دەکرێت کە رێژەی پێکوتەکە زیاترە و بۆ ئەوەیە، بەرگری تەواو بۆ ماوەیەکی زۆر دروست ببێت.

لای خۆیەوە وەزیری تەندروستی رووسیا دەڵێت، 17 توێژینەوەی جیاواز لە رووسیا بۆ دروستکردنی پێکوتە بوونیان هەیە؛ لە ئەگەری دروستکردنی پێکوتەش، بەکارهێنانی ئارەزوومەندانە دەبێت.

حکومەتی رووسیا بە فەرمی رایگەیاندووە، ئەگەر تاقیکردنەوەکانی مانگی حەوت سەرکەوتوو بن، مانگی هەشت پێکوتەکە بە جیهاندا بڵاودەکەنەوە.