مه‌سرور بارزانی: ھەرێمی کوردستان دەخوازێت سوود له‌ رێککەوتنی ستراتیجی ئەمەریکا و عێراق وەرگرێت

ئه‌مه‌ریكا به‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركووك له‌ڕێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ گه‌شبینه‌

K24- هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ سێشەممە 11/12/2018 مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ریک پێری، وەزیری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا و شاندی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا، کە دۆگلاس سیلیمان، باڵيۆزی ئەمریکا لە عێراق ئامادەيبوو، دوا په‌ره‌سه‌ندنەکانی ناوچه‌كه‌ و پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵیەکانی نێوان هەردوولا لە گشت بوارەکاندا، بەتایبەتی لە بواری وزە تاوتوێكرا. 

لە سەرەتای دیدارەکە وەزیری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی بەو پێشکەوتنانە دەربڕی، کە لە هەرێمی کوردستان بەدیهاتوون و باسی لە مەبەستی سەردانەکەی کرد، کە بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی ئەمه‌ریکایە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بواری وزە و ئابوری، پەیوەست بەم بابەتەشەوە دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی کەرکووکیان لە رێگەی ھەرێمی کوردستانەوە بە سەرەتایەکی ئەرێنی ھەژمار کرد.

له‌به‌رامبه‌ریشدا مەسرور بارزانی سوپاسگوزاری خۆی بەرامبەر هاوکاری و پشتیوانەکانی ئەمریکا لە شەڕی تیرۆریستانی داعش نیشاندا و ئاماژەی بەوەدا، درێژەدان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە گشت بوارەکان لە بەرژەوەندی سەقامگیری ناوچەکە بە گشتی دایە.

دووپاتی کردەوە، بە هاوکاری هاوبەشەکان کار بۆ کوردستانێکی بەهێزتر و پێشکەوتوو دەکەن. ھەروەھا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش جەختی کردەوە، ھەرێمی کوردستان دەخوازێت بە شێوەیەکی کرداری سود لە رێكکەوتنی ستراتیجی نێوان ئەمەریکا و عێراق وەرگرێت، بە تایبەت لە بواری کەرتەکانی وزە و ئابووری و چاکسازی.

لەبارەی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لەگەڵ بەغدا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان روونیکردەوە، لە گفتوگۆکردن و دیالۆگ بەردەوام دەبن بۆ گەیشتن بە چارەسەری گشت کێشەکان.

تاوتوێکردنی پرسی تەواوکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چاکسازی و ریفۆرمی ئابووری چەند تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەی نێوان مه‌سرور بارزانی و ریک پێری بوو.

H.B