رێگەی ھەولێر- مەخموور كرایەوە

ھاتووچۆی ھاووڵاتیان بە رێگاكە دەستیپێكردەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

دوای زیاتر لە پێنج مانگ، ئەمڕۆ رێگەی ھەولێر- مەخموور، بە رووی ھاووڵاتیان كرایەوە و لە ئەمڕۆوە ھاتووچۆ بەو رێگەیەدا ئاسایی دەبێتەوە.

پەیامنێری كوردستان24 لە بازگەی مەخموور رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا رێگەی ھەولێر- مەخموور كرایەوە، ھاتووچۆی ھاووڵاتیان بە رێگەكە دەستیپێكردەوە".

لەبارەی رێككەوتنی ھەولێر و بەغدا لەبارەی بازگەی مەخموور، پەیامنێرمان گوتی: "تا ئێستا حكوومەتی ھەرێم و عێراق لەسەر ئەوە رێك نەكەوتوون كە چۆن كێ بازگەكە بەڕێوەدەبات، ئێستا ئاڵای كوردستان لەسەر بازگەكە ھەڵكراوە و ھێزەكانی ئاسایشی مەخموور و ھێزی پێشمەرگە لەبازگەكەن، وەك چۆن پێشتریش ئەو بازگەیە لە ژێر دەسەڵاتی ھەرێمی كوردستان بوو".

پێشتر هەرێمی کوردستان بە فەرمی سەرجەم رێگاکانی نێوان کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقی کردوونەتەوە، بەڵام هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ئامادە نەبوو لای خۆیانەوە ئەو رێگایانە بکەنەوە، ئەمەش کێشەی بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان دروستکردبوو.

بازگەی مەخموور، یەكێك بوو لەو شوێنانەی كە لەكاتی لەشكركێشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆسەر ناوچە كوردستانییەكان، بووە شوێنی بەرگری ھێزەكانی پێشمەرگە و چەندین ھێرشی ھێزەكانی عێراق لەوێ تێك شكێندران.

ھ.م