عێراق عه‌لاوى: قه‌ته‌ر ده‌يه‌وێت هه‌رێمێكى سوننه‌ له‌ عێراقدا درووست بكات

عه‌لاوى: قه‌ته‌ر ده‌يه‌وێت هه‌رێمێكى سوننه‌ له‌ عێراقدا درووست بكات

K24 – هه‌ولێر:

جێگرى سه‌رۆك كۆمارى عێراق ئه‌ياد عه‌لاوى رايگه‌ياند، قه‌ته‌ر پرۆژه‌ى دابه‌شكردنى عێراقى له‌سه‌ر بنه‌ماى تائيفى داڕشتووه‌ و ده‌ست له‌ كاروبارى ناوخۆى فه‌له‌ستين وه‌رده‌دات و هانى توندڕه‌وه‌كان ده‌دات بۆ ئه‌نجامدانى ده‌ستدرێژى له‌سه‌ر حسابى ميسر.

عه‌لاوى له‌ ميانه‌ى سه‌ردانيدا بۆ ميسر و كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌و وڵاته‌ عه‌بدولفه‌تاح سيسى له‌ باره‌ى نه‌وت و پرسى ململانێكانى سووريا و ليبيا و يه‌مه‌نه‌وه‌ وتوێژى ئه‌نجامدا.

عه‌لاوى له‌ ميسره‌وه‌ قه‌ته‌رى به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد، كه‌ ده‌ست له‌ كاروبارى عێراق وه‌رده‌دات و نوێنه‌رايه‌تى پرۆژه‌ى ئێرانى ده‌كات و بانگه‌واز بۆ درووستكردنى هه‌رێمێكى سوننه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌رێمێكى شيعه‌دا ده‌كات.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى په‌يامه‌ سياسييه‌كه‌يدا له‌ ميسر، عه‌لاوى داواى كرد، قه‌ته‌ر و وڵاتانى عه‌ره‌بى بكه‌ونه‌ گفتوگۆيه‌كى راسته‌وخۆوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌نه‌ تێگه‌يشتنێكى هاوبه‌ش له‌ باره‌ى كێشه‌كانى نێوانيان.

پێشتر حه‌يده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق له‌ باره‌ى كێشه‌ى نێوان قه‌ته‌ر و وڵاتانى كه‌نداو، هه‌ڵوێستێكى بێلايه‌نانه‌ى گرتبووه‌ به‌ر و ته‌نيا ره‌خنه‌ى له‌و سزايانه‌ گرتبوو كه‌ دژى قه‌ته‌ر گيراونه‌ته‌ به‌ر.

9. sidebar1_home_page