ئه‌مه‌ریكا: ده‌مانه‌وێت هاوپه‌یمانێتییه‌ك له دژی ئێران پێكبهێنین
K24 - هه‌ولێر:
نیكی هه‌یلی، نوێنه‌ری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، پارچه تێكشاوه‌كه‌ی ئه‌و مووشه‌كه‌ی نیشاندا، كه له‌لایه‌ن حووسییه‌كانه‌وه ئاراسته‌ی ریازی پایته‌ختی سعوودیه كراوه و رایگه‌یاند، مووشه‌كه‌كه درووستكراوی ئێرانه و له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه دراوه‌ته حووسییه‌كان.
حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن، كه‌مینه‌ی شیعه‌ن و له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن، سه‌ره‌تای مانگی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری رابردوو، مووشه‌كێكی دوورمه‌ودایان ئاراسته‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی "شا خالید" كرد له ریازی پایته‌ختی سعوودیه.
به گوێره‌ی گوته‌كانی نیكی هه‌یلی، شاره‌زا سه‌ربازییه ئه‌مه‌ریكییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه مووشه‌كه‌كه درووستكراوی ئێرانه.
هه‌یلی دووپاتیشی كرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی په‌رده‌ی نهێنی له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه لاداوه بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له چالاكییه نایاساییه‌كانی ئێران بكرێت و به‌رپرسیارێتی به‌رده‌وامی قه‌یرانه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشی خسته ئه‌ستۆی تاران.
نوێنه‌ره‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان راشیگه‌یاند، واشنتن ده‌یه‌وێت هاوپه‌یمانێتییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئێران پێكبهێنێت، به‌تایبه‌تیش له رووی دیپلۆماسییه‌وه.
لای خۆیه‌وه، نوێنه‌ری ئێران له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، به‌ڵگه‌كانی نوێنه‌ری ئه‌مه‌ریكای ره‌تكرده‌وه و به هه‌ڵبه‌ستراو وه‌سفی كرد.
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز