گوتەبێژی سەربازیی عادل عەبدولمەهدی هەواڵێکی نیویۆرک تایمز رەتدەکاتەوە

رۆژنامەکە باسی لە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە عێراق کردبوو

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی سەربازیی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق, رەتیکردەوە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رەزامەندی لەسەر دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای ئەمەریکا، لەگەڵ هێزەکانی عێراق دابێت و رایگەیاند، هەواڵەکە ئەو رۆژنامەیە لە راستییەوە دوورە.

وەک وەڵامێک بۆ هەواڵێکی رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزی ئەمریکی، گوتەبێژی سەربازی سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق، رەتیکردەوە، ئەمریکا دەستی بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لەگەڵ هێزەکانی وڵاتەکەی کردبێتەوە و رایگەیاند، هەواڵەکە لە راستییەوە دوورە.

عەبدولکەریم خەڵەف گوتەبێژی سەربازیی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق رەتیکردەوە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، رەزامەندی لەسەر دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای ئەمەریکا، لەگەڵ هێزەکانی عێراق دابێت، بۆ رووبەڕووبونەوەی داعش.

دوێنێ، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەسەر زاری دوو بەرپرسی سەربازی ئەمەریکی ئاشکرایکردووە، دوای 10 رۆژ لە وەستاندنی تەواوی چالاکییەکان لەگەڵ هێزەکانی عێراق، بەهۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەستپێدەکاتەوە بۆ ئەوەی رێگە بە هیچ گروپێک نەدات هێز کۆبکاتەوە و بیکاتە پڕۆپاگەندە بۆ خۆی، بەڵام پنتاگۆن، هیچ لێدوانێکی لەمبارەوە نەداوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە بەردەوام میلیشیاکان هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن و بڕیاریشە ٢٤ی ئەم مانگە و لەسەر داوای موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، خۆپیشاندانی ملیۆنی لە دژی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەڕێوەدەچێت.