به‌ریتانیا هۆشداری ده‌داته ئێران
K24 - هه‌ولێر:
جیریمی هه‌نت، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا هۆشداری ده‌داته ئێران و رایده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته تاران بیر له‌وه بكاته‌وه به زیانگه‌یاندن به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، دووچاری چ سزایه‌ك ده‌بێته‌وه.
رۆژی هه‌ینی رابردووش، هه‌نت هۆشداری دایه هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی وڵاتینامه‌ی ئێرانیشیان هه‌یه له گه‌شتكردن بۆ ئه‌و وڵاته.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، هۆشدارییه‌كه‌ی هه‌نت دوای ئه‌وه دێت، كه "مامه‌ڵه و رێككاری توند له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه به‌رامبه‌ر به‌و كه‌سانه ده‌گیرێته‌به‌ر، كه دوو وڵاتینامه - ره‌گه‌زنامه"یان هه‌یه و ده‌شڵێت: "ئێستا ره‌وشه‌كه خراپتر بووه".
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه هه‌نت ده‌ڵێت: "ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی دوو وڵاتینامه‌یان هه‌یه رووبه‌ڕووی مه‌ترسی ده‌بنه‌وه و به خراپی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه مامه‌ڵیان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، به‌ریتانیاش بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه چه‌ندجارێك ده‌رفه‌تی به ئێران داوه، به‌ڵام تا دێت هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ئێران خراپتر ده‌بن".
وه‌زیری ده‌ره‌وی به‌ریتانیا دووپات له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه، دوای نه‌مانی هیچ بژاره‌یه‌ك ئێستا وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه ئامۆژگاری هاووڵاتییه به‌ریتانییه ئێرانییه‌كان ده‌كات، گه‌شت بۆ ئه‌و وڵاته نه‌كه‌ن.
ئ. م