گرووپێكی حه‌شدی شه‌عبی: رووبه‌ڕووی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌بینه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
میلیشیای حزبوڵڵای عێراق كه یه‌كێكن له گرووپه‌كانی ناو حه‌شدی شه‌عبی و له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن، هه‌ڕه‌شه له ھێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: "له هه‌ر ساتێك‌دا ده‌ست به رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مریكادا و هیچ پێویست به بوونیان له عێراق نییه و ده‌بێت بڕۆن، جا چ راهێنه‌ربن یان راوێژكار ده‌بێت له وڵات بچنه ده‌ره‌وه".
هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی ئه‌و گرووپه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له هێزه‌كانی ئه‌مریكا، دوای چه‌ند كاتژمێرێك بوو له هه‌واڵی كشانه‌وه‌ی به‌شێكی ھێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق.
به‌ڵام جه‌عفه‌ر حوسه‌ینی، گوته‌بێژ به‌ناوی میلیشیای حزبوڵڵای عێراق ده‌ڵێت: "مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق داگیركارییه و له هه‌ر ساتێك‌دا رووبه‌ڕووی ئه‌مریكییه‌كان ده‌بینه‌وه".
گوته‌بێژی ئه‌و گرووپه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 6/2/2018 لێدوانی بۆ میدیاكانی عێراق داوه‌و گوتوویه‌تی: "هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی عێراق پێكهاتووه‌و هێزه‌كانی ئه‌مریكا له خۆیانه‌وه هاتوونه‌ته‌وه عێراق".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه هیچ بڕیارێكی حكومه‌تی عێراق نییه باسی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له وڵات بكات و ئه‌مریكییه‌كان حكومه‌تیشیان ئیحراج كردووه، چونكه عێراقییه‌كان پێویستیان به ئه‌مریكا نییه، جا به‌ناوی راهێنه‌ر یان راوێژكار یان هه‌ر ناوێكی دیكه‌وه بێت. عێراق به‌بوونی ئه‌مریكییه‌كان سه‌قامگیر نابێت و ئه‌وانیش به‌هۆی داواكاری حكومه‌تی عێراقه‌وه نه‌هاتوون".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "چه‌كی چه‌كداره‌كانمان ئێستا له ته‌قه‌كردن راوه‌ستاوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه له هه‌ر ساتێك‌دا دژی ئه‌مریكییه‌كان بكه‌ونه‌وه ته‌قه‌كردن، ئه‌مجاره هیچ نێوه‌ندگیرییه‌كیش به‌كه‌ڵكی ئه‌مریكییه‌كان نایه‌ت و وه‌كو جارانی پێشوو نییه".
حوسه‌ینی ده‌ڵێت: "ئه‌مریكییه‌كان به‌ناوی داعشه‌وه هاتنه‌وه تا پاساو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی دوای كشانه‌وه‌كه‌یان بدۆزنه‌وه، ئه‌و ئامێرانه‌ی په‌یوه‌ندیكردنیش كه له شاری تكریت كه‌وتووه‌ته ده‌ستمان، لای هیچ كه‌سێك نییه ته‌نها ئه‌مریكییه‌كان نه‌بێت".