وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا: له هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه به‌رده‌وام ده‌بین
K24 - هه‌ولێر:
ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا، ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ى له شه‌ڕى دژى داعش به‌رز ده‌نرخێنێ و ستایشى ئه‌و هاوبه‌شى و هه‌ماهه‌نگییه‌ى كردووه كه له‌نێوان پێشمه‌رگه و هێزه‌كانى ئه‌ڵمانیا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعشدا هه‌بووه و به‌رده‌وامه.
هه‌روه‌ها ئاماده‌ییى وڵاته‌كه‌ى بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر هاوكاریكردنى پێشمه‌رگه نیشانداوه و دووپاتى كرده‌وه كه "پێشمه‌رگه مایه‌ى بڕوا و متمانه‌یه و مه‌شق و ڕاهێنان و هاوكارییه‌كانى ئه‌ڵمانیا بۆ پێشمه‌رگه به شێوازێكى دیكه به‌رده‌وام ده‌بن"..
به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه ئێواره‌ى رۆژی سێشه‌ممه 19/12/2017 له به‌رلین، له نێوان وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا و شاندى باڵاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیران و به ئاماده‌بوونى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌چووه، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا وێڕاى خۆشحاڵى به سه‌ردانى شاندى باڵاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌رلین، نیگه‌رانیى خۆى له دۆخى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراق ده‌ربڕى و هیواى خواست كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوولا له ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێن، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه كه ئه‌ڵمانیا و دۆستانى دیكه هه‌وڵ ده‌ده‌ن هاوكار بن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراق و پشتگیرى و هاوكاریكردنى هه‌رێمى كوردستانى به ئه‌رك له قه‌ڵه‌م دا".
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسى پێشوازى له شاندى هه‌رێم و هاوكارى و پشتگیریى ئه‌ڵمانیاى له هه‌رێمى كوردستان كرد و ئاماژه‌ى به‌وه دا كه سه‌ردانه‌كانى خاتوو ڤۆن دێر لاین بۆ هه‌رێمى كوردستان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى هێزه‌كانیان له هه‌رێم، گرنگ و مایه‌ى بایه‌خ بوون. وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى خواستى هه‌رێمى كوردستانیش بۆ به‌رده‌وامى و بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا، ئاماژه‌ى به‌وه دا له كاتێكدا هێشتا هۆكاره‌كانى دروستبوونى داعش له عێراق چاره‌سه‌ر نه‌كراون، ئه‌گه‌ر و مه‌ترسیى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش هه‌یه، بۆیه هه‌رێمى كوردستان چاوه‌ڕێى پشتگیرى له ئه‌ڵمانیا ده‌كات".
له‌باره‌ى دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه، سه‌رۆكوه‌زیران، ئاماده‌یى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له داهاتوویه‌كى نزیكدا نیشاندا و داواى كرد بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخى سه‌ختى ئابوورى و دارایى له هه‌رێمى كوردستان، ئه‌ڵمانیا له ڕێگه‌ى ئاى ئێم ئێفه‌وه هاوكار بێت بۆ دابینكردنى بودجه و شایسته داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق، ئاماده‌ى گفتوگۆیه و به پێویستى زانى ئه‌ڵمانیا و وڵاتانى دیكه‌ى دۆست هانى عێراق بده‌ن بۆ هه‌نگاونان به ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان. هه‌موو ئاماده‌یى و پشتگیرییه‌كى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیشى بۆ به‌رده‌وامیى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له شه‌ڕى دژى تیرۆردا، دووپات كرده‌وه.