مه‌سروور بارزانی: پێویستە بەربەستی کێشە لەمێژینەکان تێپەڕێنرێن و رێگە لە دووبارەبوونەوەیان بگیرێت

مه‌سروور بارزانی و حه‌لبووسی چه‌ند پرسێكی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوێ ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ شەممە 15/12/2018 مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەمیانی دیدارێكدا له‌گه‌ڵ محەمەد ئەلحەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ و شاندی یاوەری گووتی: "پێویستە بەربەستی کێشە لەمێژینەکان تێپەڕێنین و بە جۆرێک چارەسەر بکرێن کە ئیتر رێگە لە دووبارەبوونەوەیان بگیرێت و تەنیا بەو شێوەیە دەتوانین بەرەو داهاتوویەکی گەش و پێشکەوتنی وڵات هەنگاو بنێین".

لە دیدارێکدا دوا پەرەسەندن و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر تاوتوێ کران و راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، جەختی لە سەر خواستی هەرێمی کورستان بۆ چارەسەریی گشت کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق کردەووە".

لای خۆیه‌وه‌ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسروور بارزانی لە سەرۆکایەتیی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان خواست و ئامادەیی خۆی بۆ هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتر دەربڕی.

هەر لەو دیدارەدا ئەرکی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەدواداچوونی پرسەکان بە گشتی، بەتایبەتی پرسی بودجە و دابین کردنی بەشە بودجەی هەرێم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و مادەی 140 گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسیەکان بۆ تێپەڕاندن و زاڵبوون بەسەر هەڕەشە ئەمنی و سیاسی و ئابورییەکان تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.