داوا دەكرێت كورد بایكۆتی پڕۆسەی سیاسی عێراق بكات

لایەنە نارازیەكان بۆچوونی جیاوازیان ھەیە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لایەنە ناڕازییەكانى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر به‌شداركردنیان له‌ حكوومه‌تى نوێی عێراق رای جیاوازییان ھەیە، به‌شێكيان له‌چوار چێوه‌ى پڕۆژه‌يه‌كى نيشتيمانيدا به‌شداربوونى كورد به‌پێويست ده‌زانن و به‌شێكيشيان بايكۆتى حكوومه‌تى عێراق و خزمه‌تكردنى بەرژەوەندییەكانی كورد له‌رێگه‌ى په‌ر‌له‌مانه‌وه‌ به‌ بژارده‌يه‌كى گرنگ داده‌نێن.

دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی دەستژمێری، ده‌رگاى تانه‌ لێدان و سكاڵاكردن له ‌ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن داخرا، به‌مه‌ش لايه‌نه براوه‌‌كان هه‌وڵه‌كانيان چڕتر ده‌كه‌نه‌وه‌ تا گه‌ره‌ترين كوتله‌ى په‌رله‌مانى پێك بێنن، به‌شێك له‌لايه‌نه‌ عێراقییه‌كان خۆيان يه‌كلا كردووه‌ته‌وه،‌ له ‌خوولى داهاتوو ببن به‌ ئۆپۆزسيۆن، به‌ڵام لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كانی كوردستان له‌ نێوان دوو بژاردەدا ھێشتا بڕیاری یەكلاكەرەوەیان نەداوە، به‌شێكيان به‌شداربوون له‌حكوومه‌تى نوێى عێراق له‌چوار چێوه‌ى پڕۆژه‌يه‌كى نيشتيمانيدا به‌بژارده‌يه‌كى گونجاو ده‌زانن.

ئيڤان محه‌مه‌د، ئەندامی ئەنجوومه‌نی گشتى هاوپه‌يمانى ديموكراسى و داد په‌روه‌رى بە كوردستان24 راگەیاند: "لە دوایین بەیاننامەدا داوامان كردووە دەبێ لەسەر بنەمای دیالۆگی نیشتمانی ھەموو لایەنە كوردستانییەكان بە یەكڕیزی كار بكەن بۆ دابینكردنی مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵ".

به‌شێكى دیكه‌ی لايه‌نه كوردییه‌ ‌ناڕازييه‌كان بۆچوونیان له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن بوونه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌وان پێیان وایه‌ مافه‌كانی كوردستان له‌ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی دیاریكراوه‌، بۆیه‌ ئۆپۆزسیۆن بوون به‌ گونجاوتر ده‌زانن.

لەوبارەوە عه‌بدولره‌زاق شه‌ريف، ئه‌ندامى جڤاتى نيشتمانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان دەڵێت: "ئێستا باشترین دەرفەت لەبەردەم گەلی كوردە بۆ ئەوەی لەبەردەم دونیای دەرەوە بە ھەموو عێراقییەكانی بسەلمێنێ، كە پڕۆژەی دروست بوونی عێراق پڕۆژەیەكی فاشل بووە، ئێستا باشترین دەرفەتە كورد بایكۆتی پڕۆسەی سیاسی عێراق بكات، یان تەنھا یەك وەزیر بەشداری بكات ئەویش بۆ ئەوەی داوا و مافەكانی كورد بگەیەنێتە بەغدا و بە پێچەوانەوە بۆچوونی ئەوانیش بێنێتەوە ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا دەكرێ لە پەرلەمانی عێراق بەشداربین".

چاودێرانى سياسى دۆخى عێراق، یەکەم بوونى سائیرونى سه‌ر به‌ مو‌قته‌دا سەدر به‌ کاریگەر نازانن بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت به‌و پێیه‌ جیاوازیی كورسییه‌كانی زۆر نین، به‌ دووریشی نازانن سائیرون له‌گه‌ڵ لیستی حيكمه‌ و وه‌ته‌نيه‌ به‌ره‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئۆپۆزسيۆن له ‌په‌رله‌مانى عێراق دروست بكه‌ن، بژارده‌ی به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كانی كوردستانیش له‌ ئۆپۆزسیۆن بوون به‌ ئاسایی ده‌زانن تا له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ خزمه‌ت بكه‌ن به‌ هاووڵاتیان نه‌ك له‌ حكوومه‌تی نوێی عێراق.  

ھ.م