فراكسیۆنی یه‌كێتی بۆ به‌شداریكردن له كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی سه‌ركردایه‌تییه
K24 - هه‌ولێر:
فراكسیۆنی یه‌كێتی هه‌ڵوێستی خۆی بۆ به‌شداریكردن له كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان رانه‌گه‌یاندووه و چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كه‌یان ده‌كه‌ن.
هۆشمه‌ند سادق، په‌یامنێری كوردستان 24 رایگه‌یاند، بڕیار بوو ئه‌مڕۆ فراكسیۆنی یه‌كێتی هه‌ڵوێستی خۆی له باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی رابگه‌یه‌نێت، به‌ڵام هێشتا دوا هه‌ڵوێستی سه‌ركردایه‌تیان پێنه‌گه‌یشتووه.
په‌یامنێری كوردستان 24 روونیشی كرده‌وه، تا ئێستا هیچ فراكسیۆنێك به فه‌رمی داوای دواخستنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نه‌كردووه و هیچ هۆكارێكی یاساییش بۆ دواخستنی كۆبوونه‌وه‌كه نییه، ئاماده‌كارییه هونه‌ریی و ته‌كنیكییه‌كانیش بۆ كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ی و هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ته‌واو بوونه.
لای خۆیه‌وه ئایدن مه‌عروف، سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی به كوردستان 24ی راگه‌یاند، ئه‌وان پشتگیریی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ی و هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن و له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ش به‌شدار ده‌بن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان پشكی توركمانه، به‌ڵام تا ئێستا پێكهاته‌ی توركمان له‌ناو خۆیان له‌سه‌ر كاندیدكردنی كه‌سێك رێكنه‌كه‌وتوون.
ئاشكراشیكرد، هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ر له كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ی بگه‌نه رێككه‌وتنێك، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش رێكنه‌كه‌وتن، ئه‌وكات 2 بۆ 3 كاندیدیان ده‌بێت بۆ ئه‌و پۆسته و له ناو په‌رله‌ماندا ده‌خرێنه ده‌نگدانه‌وه.
ئ. م