ئه‌و كه‌سه‌ى له‌ هه‌ولێر ده‌ستدرێژی سێكسی كردبووه‌ سه‌ر منداڵێكی 4 ساڵان ئه‌م سزايه‌ى بۆ ده‌ركرا

چاوه‌ڕێى جێبه‌جێكردنى سزاكه‌يه‌

K24 – هه‌ولێر:

دادگای تاوانه‌كان بڕیاری له‌ سێداره‌دانی بۆ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌رکرد، که‌ له‌ ئاوده‌ستى یه‌کێک له‌ مزگه‌وته‌کانی شاری هه‌ولێر، ده‌ستدرێژی کردبووه‌ سه‌ر منداڵێکی ته‌مه‌ن چوار ساڵه‌.

سه‌رۆکایه‌تی دادگای تاوانی یه‌ک، بڕیاری له‌ سێداره‌دانی بۆ ئه‌و پیاوه‌ ده‌رکرد که‌ دووساڵ به‌ر له‌ ئێستا له‌ ئاوده‌ستى مزگه‌وتی کوێتی گه‌ڕه‌کی ته‌یراوه‌ی شاری هه‌ولێر، ده‌ستدرێژی سێکسی کرده سه‌ر کچێکی ته‌مه‌ن 4 ساڵان.

حاکم عه‌بدولباست فه‌رهادی سه‌رۆکی دادگای تاوان، به‌ کوردستان 24ی راگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م پیاوه‌ ده‌ستگیرکرا، لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌که‌ کرا و چه‌ندین جار دادگا بۆ ئه‌م كه‌یسه‌ دانیشت، له‌ کۆتاییدا بڕیاری له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌ركرا.

سه‌رۆكی دادگای تاوان ئاشكراشی كرد، ئێستا بڕیاره‌که‌ ده‌رچووه ئاراسته‌ی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ ده‌کرێت، تا له‌وێش پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕیاره‌که‌ بکرێت و جێبه‌جێبکرێت.