مەسروور بارزانی بۆ ھاوكاریكردنی خەڵكی عەفرین داوای كارئاسانی دەكات

"دەزگای خێرخوازی بارزانی بێ جیاوازی ئاینی و مەزھەبی و سیاسی بەھانای ئەو كەسانە دەچێت كە پێویستیان بە ھاوكارییە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

مەسروور بارزانی، سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە میانی بەشداری كردنی لە بەڕێوەچوونی یەكەم كۆنفرانسی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ھەولێر وتارێكی پێشكەش كردو رایگەیاند، دەزگای خێرخوازی بارزانی ماڵێكە بۆ ھەمووان و بەردەوام دەبێت لە ھاوكاری كردنی ئاوارە و لێقەوان. داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد، كە ئاسانکاری بکەن، بۆ ئەوەی دەزگای خێرخوازی بارزانی، بتوانێت هاوکاری بگەیەنێتە خەڵکی سڤیلی عەفرین بکات.

مەسروور بارزانی رایگەیاند: "دەزگای خێرخوازی بارزانی لە فەرموودەیەكی بارزانی نەمر، سەرچاوەی گرتووە كە دەڵێت (شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت) بارزانی نەمر كە لە ھەموو ژیانی خۆی ھەوڵیدا خزمەت بە گەلەكەی و مرۆڤایەتی بكات، ئێمەش ھەوڵماندا دوای ئەویش ئێمە ھەستمان بەوەكرد ئەركی ئێمەیە درێژەپێدەری رێبازی ئەو مرۆڤە مەزنە بین، دەزگایەك بەناوی بارزانی نەمر دابمەزرێنین، لە ژێر فەرمان و رێبەرایەتی سەرۆك بارزانی، لە ساڵی 2005 دەزگای خێرخوازی بارزانیمان دامەزراند، بەو ھیوایەی ئەو دەزگایە ببێت بە سەكۆ و ماڵێك بۆ ئەو كەسانەی كە پێویستیان بە ھاوكاری ھەیە".

سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازی بارزانی راشیگەیاند: "دەزگای خێرخوازی بارزانی باوەشی بۆ ھەموو ئەو كەسانە كردووەتەوە كە لە ترسی تیرۆر و ھەڕەشەی كوشتن، شوێنەكانی خۆیان بەجێھێشتووە و روویان لە كوردستان كردووە، ھەروەھا ئەوانەی كە لە نەبوونی ئازادی روویان لە كوردستان كرد تا بە ئازادی بژین، دەزگای بارزانی بە ھانای ھەموو ئەو كەسانە دەچێت كە پێویستیان بە ھاوكاری ھەیە، بەبێ جیاوازی ئاینی و مەزھەبی و بیروبۆچوونی سیاسی".

لەبارەی دۆخی خەڵكی سڤیل لە عەفرین، مەسروور بارزانی، رایگەیاند: "داوا لە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەكەین، كە ئاسانکاری بکەن، بۆ ئەوەی دەزگای خێرخوازی بارزانی، بتوانێت هاوکاری پێشکەش بە خەڵکی سڤیلی عەفرین بکات".

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا مەسروور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازی بارزانی، رایگەیاند: "لەکاتی رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەری و بوومەلەرزەکەی گەرمیان دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر هاوکاری لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە و شاری کەرکووك و شارۆچکەی خورماتووی کرد".

 گوتیشی: "هەرچەندە دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر داوایکرد، هاوکاری پێشکەش بە کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکات لەکاتی روودانی بوومەلەرزەکەی ساڵی رابردوو، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران رێگەیان پێنەدرا". 

مەسروور بارزانی، راشیگەیاند: "داوا لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم، كە ئەو بەخشەر و خۆبەخشانەی ئامادەن ھاوكاری مرۆیی خەڵكی لێقەوماو بكەن، بتوانرێت بە یاساییەك ھاوكاری پڕۆژە مرۆییەكان بكەن، ھاوكارییەكەیان وەكو باجێك بۆ ھەژمار بكرێت، كە لە زۆر وڵاتانی پێكەوتووی جیھان ئەوە ھەیە".