وه‌زیری به‌رگری عێراق له‌ رێگه‌ی كوردستان 24ه‌وه‌ هه‌واڵێكی ميديا ئێرانییه‌كان ره‌تده‌كاته‌وه‌

"هەماهەنگی نێوان سوپا و هێزەکانی پێشمەرگە لە ئاستێکی بەرزدایە"

K24 - هه‌ولێر:

عیرفان حەیالی، وەزیری بەرگری عێراق، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان 24، رەتیدەکاته‌وه‌ کە هیچ لێدوانێکی دابێت لەبارەی ئەوەی سوپا قەبوڵ ناکات ریفراندۆم لە کوردستان ئەنجام بدرێت.

حەیالی بۆ کوردستان 24 گوتی: "ئەو لێدوانانەی بە ناوی منەوە لەبارەی ریفراندۆمی کوردستان بڵاوکراونەتەوە، دوورن لە راستی و ئێمە وەکو سوپا دەست ناخه‌ینە ناو کاروباری سیاسی وڵاتەوە و به‌ هیچ شێوه‌یه‌كی باسمان له‌و بابه‌ته‌ نه‌كردووه‌".

وەزیری بەرگری عێراق له‌ لێدوانه‌كه‌یدا، هەماهەنگی نێوان سوپا و پێشمەرگەی بە گرنگ وه‌سفكرد و گوتی: "هەماهەنگی نێوان سوپا و هێزەکانی پێشمەرگە لە ئاستێکی بەرزدایە و بە خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەتوانین بەسەر دوژمنە هاوبەشەکەماندا سەرکەوین کە داعشە".

دوێنی میدیاکانی ئێران، هه‌واڵێكیان لە زاری وەزیری بەرگری عێراق بڵاویکردەوە گوایه‌ سوپای وڵات رێگە نادات هیچ کارێکی نا یاسایی بۆ پارچەکردنی عێراق ئەنجامبدرێت، به‌ڵام وه‌زیری به‌رگری عێراق، ئه‌و هه‌واڵانه‌ی به‌درۆخسته‌وه‌.

چه‌ند  رۆژێكه‌ شاندێکی وەزارەتی بەرگری عێراق بە سەرۆکایه‌تی عیرفان حەیالی لە ئیرانە و رێککەوتنێکی سەربازییان لەگەڵ ئەو وڵاتە واژۆکردووە.