باندێکی بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ لە کەرکووک دەستگیرکران

لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گەنجیان هەڵخەڵەتاندووە بۆ فرۆشتنی گورچیلە بە 40 ملیۆن دینار

K24 – کەرکووک

دوو ژن و پیاوێک بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ئەندامی جەستەی مرۆڤ لە کەرکووک دەستگیرکران.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 9-7-2020) لە راگەیەندراوێکدا دەزگیرکردنی گرووپێکی بازرگانیکردنی بە ئەندامانی جەسەی مرۆڤ راگەیاند، کە لە دوو ژن و پیاوێک پێکهاتبوون.

بەپێی راگەیەندراوەکە "تۆمەتبارەکان دانیان بەوەداناوە لەڕێگەی بەستنی پەیوەندیی گومانلێکراو لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، توانیویانە قوربانییەکان هەڵبخەڵەتێنن. لەکاتی دەستگیرکردنیشیاندا بەڵگەنامەی ساختەیان پێبووە".

بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنیی کەرکووک بۆ کوردستان24 "ئەو دەستگیرکراوانە تۆڕێک بوون، لە بەغداوە هاتوون و بەشێکیان ئافرەت بوون، جگە لە بازرگانیکردن بە گورچیلەی مرۆڤ، لەشفرۆشیش بوون".

سەرچاوەکەی کوردستان24 هەروەها ئاشکرای کرد "ئەندامانی باندەکە، بەناوی پەیوەندی خۆشەویستییەوە چەندین گەنجیان هەڵخەڵەتاندووە، دواتر گەنجەکانیان رازیکردووە بە فرۆشتنی گورچیلەیان لە بەرامبەر 40  میلۆن دینار  و، ئەم کارەیان لەنێو شووقەیەک ئەنجامداوە کە لە کەرکووک بەکرێ گرتوویانە".

 

 

هـ.ر.