کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەم هاوینە لە ریال مەدرید دەڕوات؟

رۆژنامەیەکی نزیک لە ریال مەدرید بۆیەکەمجار چەند نهێنییەک ئاشکرا دەکات

رۆژنامەیەکی نزیک لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بۆیەکەمجار نهێنییەک لەبارەی چارەنووسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ریال مەدرید ئاشکرا دەکات و لێدوانەکانی شەوی رابردووی ئەو هێرشبەرە پۆرتوگالییە پشتڕاست دەکاتەوە.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی کە نزیکە لە ریال مەدرید، دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانەکەی کریستیانۆ ئاشکرایکردووە کریستیانۆ پێیوایە ئێستا کاتی ئەوەیە ریال مەدرید بەجێبهێڵیت و دەیەوێت ئەم هاوینە لە یانەکە بڕوات، بۆیە دۆن دوای یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ رەتیکردەوە دڵنیایی لەبارەی مانەوەی خۆی لە ریال مەدرید بۆ وەرزی داهاتوو بدات.

رۆژنامەی مارکا رایگەیاندووە، بەرپرسانی ریال مەدرید دەمێکە دەزانن کریستیانۆ بڕیاری داوە ئەم هاوینە بڕوات، بەڵام بوێری ئەوەیان تێدانەبوو ئەمە پشتراست بکەنەوە و چاوەڕێشیان نەدەکرد لەم کاتانەدا کریس ئەم جۆرە لێدوانانە بدات.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامە مەدریدییەکە کریستیانۆ هەست دەکات ئێستا باشترین کاتە بۆ ئەوەی ریال مەدرید بەجێبهێلێت و لە یانەیەکی دیکە درێژە بە یاریکردن بدات، کە ئێستا تەمەنی 33 ساڵە.