سەرۆك بارزانی جەژنی ڕۆژووی ئێزی لە ئێزیدییەكان پیرۆز دەكات

"كوردستان وڵاتی برایەتی و پێكەوەژیانە و، دەبێ بە هیممەتی هەموو لایەك ئەو برایەتی و پێكەوەژیانە قووڵتر و فراوانتر ببێت"

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، پیرۆزبایی جه‌ژنی ئێزی، له‌ خوشك و برا ئێزدییه‌كان پیرۆز ده‌كات و هیواخوازه‌ ئه‌و جه‌ژنه‌ ده‌ستپێكی شادی و ئارامی و به‌خته‌وه‌ریی خوشك و برا ئێزدییه‌كان بێت.

په‌یامی جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌كه‌، له‌ وێبسایتی فه‌رمی سه‌رۆك بارزانی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ به‌شێكیدا هاتووه‌: " هیوادارم ئەو جەژنە دەستپێكی شادی و ئارامی و بەختەوەریی هەموو خوشك و برا ئێزیدیەكانمان بێت كە لە ماوەی ڕابردوو بەهۆی پەلامار و زوڵمی تیرۆریستان تووشی كارەسات و ئاوارەیی و ئازار بوونە".

هه‌ر له‌ په‌یامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، كوردستان وڵاتی برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانه‌ و سه‌رۆك بارزانی ئه‌وه‌شی وه‌ك شانازییه‌ك بۆ هه‌مووان وه‌سف كردووه‌ و ده‌ڵێت: "شانازییە بۆ هەموومان كە كوردستان وڵاتی برایەتی و پێكەوەژیانە و، دەبێ بە هیممەتی هەموو لایەك ئەو برایەتی و پێكەوەژیانە قووڵتر و فراوانتر ببێت".

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌شدا، سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێت: "جەژنتان پیرۆز و، ئومێد دەكەم هەمیشە جەژنەكانتان لە خۆشی و ئاشتیدا بكەنەوە".

رۆژووی ئێزی، یه‌كێكه‌ له‌ جه‌ژنه‌كانی ئێزدییان و جگه‌ له‌و جه‌ژنه‌ش، ئێزدییه‌كان حه‌وت جه‌ژنی دیكه‌یان هه‌یه‌، كه‌ سێیان له‌ناو په‌رستگه‌ی لالش سرووته‌كانییان به‌ڕێوه‌ده‌چن، كه‌ "جه‌مایێی، چله‌ی زستان و چله‌ی هاوین"ـه‌.

جه‌ژنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش بریتین له‌ رۆژووی ئێزی، بێلندێ، خدر ئه‌لیاس، سه‌ری ساڵ و قوربان.

ئ. م