مەسروور بارزانی لەگەڵ جێگری وەزیری بەرگری ئەمەریکا کۆبووەوە

هەردوولا باسیان لە شەڕی بەردەوامی تیرۆر کرد

K24 - هه‌ولێر:

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی دوایین پێشهاتەکان تاوتوێ ده‌كه‌ن.

مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جۆن روود، جێگری وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی لە واشنتن کۆبووەوە و هەردوولا باسیان لە بەردەوامی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و پێشمەرگە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، مەسروور بارزانی سوپاسی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد بۆ پشتگیریکردنی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش. هەردوولا باسیان لە شەڕی بەردەوامی تیرۆر کرد، هەروەها تیشکیان خستە سەر گۆڕانی سرووشتی شەڕی تیرۆر و بوونی سەرچاوەی هەواڵگری و سەربازی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

مەسرور بارزانی بە وردی باسی لە رێکارەکانی بەهێزکردن و رێکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکدا مەسروور بارزانی و روود گفتوگۆیان لە سەر پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق کرد. مەسرور بارزانی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق روونیکردەوە، سەرکردایەتی کوردستان نە پشتگیریی هیچ لیست و کەسایەتییەک بۆ پێکهێنانی حکومەت دەکات و نە هیچ لایەکیش رەتدەکاتەوە، بەڵکو سەرکردایەتی کوردستان ئامانجی هاوپەیمانێتییەکە کە دەستوور جێبەجێ بکات و حکومەتێک پێکبهێنرێت لەسەر بنەماکانی سازان و هاوسەنگی و هاوبەشی. حکومەتێک کە وەڵامی ویست و داخوازییەکانی خەڵک بداتەوە.

 مەسرور بارزانی و رۆد سەرەڕای گفتوگۆکردن دەربارەی پرسەکانی عێراق و کوردستان، باسی چەند پرسێکی تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشیان کرد .