پێشمەرگە لە ئیتاڵیا خەڵات دەكرێت
K24 - رۆما
شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە كۆبووەوە و بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای دەكات، لەو كۆبوونەوەدا باس لەوەكراوە كە ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت لە مەشق و راھێنان بە ھێزی پێشمەرگە. ھەر ئەمڕۆش لە ئیتاڵیا خەڵاتێكی گرنگ پێشكەش بە ھێزی پێشمەرگە دەكرێت.
بارزان حەسەن پەیامنێری كوردستان24 لە رۆما رایگەیاند: "كۆبوونەوەی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیا، لە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، بڕیاریشە ھەر ئەمڕۆ لە ئیتاڵیا خەڵاتێكی تایبەت بە وەزارەتی پێشمەرگە ببەخشرێت".
سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە بە كوردستان24 راگەیاند: "كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیا یەكێك بوو لە كۆبوونەوە ھەرە گرنگەكان، باسمان لەو ھەماھەنگی و ھاوكاریانە كرد كە لەنێوان ھەردوولادا ھەیە. داواشمان كرد كە ئیتاڵیا بەردەوام بێت لەسەر ھاوكارییەكانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە".
گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكەدا باسمان لە رەوشی كوردستان و عێراق و ھێزی پێشمەرگە كرد، وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیاش جەختی كردەوە، كە بەردەوام دەبن لە مەشق و راھێنان بە ھێزەكانی پێشمەرگە، زۆر بە گرنگیش لە پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا دەڕوانن".
بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای كرد: "رێکخراوی ئاپرۆکسیمینۆی ئیتاڵی كۆنفرانسی ساڵانەی خۆی رێكخستووە، بە فەرمی وەزارەتی پێشمەرگەی بانگێشت كراوە، ئەو رێكخراوە گرنگی بەو ھێز و لایەنانە دەدات كە رێز لە مافی مرۆڤ دەگرن و بەھای مرۆڤایەتی دەپارێزن، ھەر لەو چوارچێوەیەدا خەڵاتی ساڵانەی ئەمجارەیان پێشكەش ھێزی پێشمەرگە دەكات".
خەڵاتی( ئاپرۆکسیمێنۆی نێودەوڵەتی) بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرگری 22مین ساڵە دەبەخشرێت، لەپێناو بەرگری و تێکۆشان دژی داعش بۆ ئەمساڵ دەبەخشرێتە هێزی پێشمەرگەی کوردستا.
ھ.م