ههولێر و مۆسكۆ پهیوهندییهكانیان فراوانتر دهكهن
K24 - ھەولێر
ڤیکتۆر سیماکۆڤ، کونسوڵی گشتی رووسیا لە ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و رووسیا لە سەردەمی قەیسەری روسیاوە بناخەیان دانراوە و لەسەردەمی مەلا مستەفای بارزانی پەرەیان سەندووە و ئێستاش ئەو پەیوەندییانە لە رووی سیاسی و ئابووری و بوارەکانی دیکە فراوانتر دەکەین.
ڤیکتۆر سیماکۆڤ، بە كوردستان24 گوت: "پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و کوردستان مێژووییەکی دوور و درێژیان ھەیە. سەرەتای ئەم پەیوەندییانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی قەیسەری رووسیا و لە سەردەمی مەلا مستەفای بارزانی ئەم پەیوەندییانە پەرەیان پێدرا. ئێستاش پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کوردستان زیاتر و باشتر دەبن".
گوتیشی: "ئیستاش گەورەترین کۆمپانیاکانمان کە گازپرۆم و رووسنەفتن لە کوردستان کاردەکەن. وەک دەزانن ساڵی رابردوو رێککەوتنی لێکتێگەیشتن لەنێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیای گازپرۆم واژوو کرابوو، ئێستا گازپرۆم دەستیکردووە بە کارەکانی و نووسینگەی کۆمپیانیاکە لە ھەولێر دەکرێتەوە و ئەمەش دەبێتە ھۆی باشتر کردنی ئابووری کوردستان. جیا لە بواری وزە بوارەکانی دیکەش ئامادەین لەگەڵ کوردستان کاربکەین بەتایبەتی لەبواری کشتوکاڵ و ھەموو کەرتەکانی دیکە".
ھ.م