ئێران ترەمپ خەڵات دەکات

"ترەمپ خۆی خەڵاتەکەی وەرگرت"

K24 - ھەولێر:

لە شەشەم مەراسیمی بەخشینی "خەڵاتی باروتی تەڕ"، ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای، بە ناحەزترین کەسایەتی جیهان هەڵبژارد.

ئەو "خەڵاتە" ساڵانە لە لایەن ئامادەکارانی مەراسیمەکە دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی کە "باوەڕی زۆریان بەخۆیان هەیە و خۆیان بە کەسێکی مەزن دەزانن، بەڵام لە راستیدا ئەو کەسە جیا لە گەمژەیەک هیچی دیکە نییە وە جیا لە خۆی هەمووانیش ئەوە دەزانن".

ئامادەکارانی ئەم "خەڵاتە" نزیکن لە هەردوو سوپای بەسیج و قودسی ئێران، ئەمەش وایکردووە زیاتر ئەم "خەڵاتە" ببەخشرێتە ئەو کەسانەی دژی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کار دەکەن.

پێشتر هەریەک لە میشێل ئۆباما، بێنیامین نەتەنیاهو، شیمۆن پێرێز، باراک ئۆباما، جۆن مەککین، باراک ئۆباما و چەندین کەسیاتی دیکە "خەڵاتی"جۆراوجۆریان لەو مەراسیمە پێبەخشراوە.

 ئەمساڵ تەنانەت کەسێک هاوشێوەی ترەمپ خۆی گۆڕیبوو و هاتە سەر ستەیچ و خەڵاتەکەی وەرگرت.

ئاژانسی ئاڕ تی رووسی، لە ڤیدیۆ هەواڵێکیدا، وتەی یەکێک لە ئەندامانی هێزەکانی بەسیجی بڵاوکردەوە کە لە کاتی مەراسیمەکە دەڵێت: "من وەک ئەندامێکی بەسیج، دڵگرانم بۆ هاوڵاتیانی ئەمەریکا کە سەرۆکێکی هاوشێوەیان هەیە...سەرۆکێکی نزم...سەرۆکێکی بێ رێز...سەرۆکێکی مەزاجی".

H.J