لەسەر رێگای ھەولێر- كەركووك دەستڕێژی گولـلە لە كەسێك كرا

ھێزەكانی ئاسایش زانیاری لەبارەی رووداوەكە ئاشكرا دەكەن
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لەسەر رێگای ھەولێر- كەركووك، تەقە لە كەسێك كراو ھێزەكانی ئاسایش ئاشكرای دەكەن ئەو كەسە پۆلیسە و پێشتر ھەڕەشەی لێكراوە.

عەقید فەرھاد فازڵ، بەرپرسی بنكەی ئاسایشی كوردستان لە سنووری كەركووك بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو كەسەی تەقەی لێكراوە پۆلیسە و دەوامی لە شاری كەركووكە، پێشتر ماڵی لە گەڕەكی قادسیە بوو لە كەركووك، دوای ئەوەی ھەڕەشەی لێكرا ماڵی گواستەوە شاری ھەولێر، ئەمڕۆ بەیانی لەكاتی ھاتنی بۆ كەركووك تەقەی لێكراوە".

گوتیشی: "ئەو ھاووڵاتیە بە سەختی برینداركراوە و لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری پزیشكدایە".

راشیگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكانی ئێمە، ئەو رووداوە بەھۆی كێشەی كۆمەڵایەتی روویداوە".