په‌رله‌مانى عێراق داواى وه‌رگرتنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆك كۆمار له‌ كورد ده‌كات

ژماره‌يه‌ك بڕيارى له‌ دژى كوردستان ده‌ركرد

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئه‌مڕۆ ژماره‌يه‌ك بڕيارى له‌ دژى هه‌رێمى كوردستان ده‌ركرد و له‌ بڕيارێكياندا داواى وه‌رگرتنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆك كۆمار له‌ كورد ده‌كات.

هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى ريفراندۆمى سه‌ربه‌خۆيى كوردستاندا، له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق چه‌ند بڕيارێك له‌ دژى كورد ده‌ركران.

پێشتر سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياندبوو، چيديكه‌ په‌رله‌مانى عێراق وه‌ك په‌رله‌مانى فيدراڵى ناناسين و ئه‌و په‌رله‌مانه‌ له‌ لايه‌ن تائيفى و شۆڤينييه‌كانه‌وه‌ له‌ دژى كورد به‌كارده‌هێنرێت.

به‌ گوێره‌ى بڕياره‌كانى كه‌ به‌ بێ بوونى كورد ده‌ركراوون، سه‌رۆك وه‌زيران پابه‌ند كراوه‌ هێز له‌ دژى كورد له‌ ناوچه‌كانى سنوورى 140 بجوڵێنێت.

هه‌روه‌ها بڕياريش دراوه‌ په‌رله‌مان له‌ دادگاى فيدراڵى سكاڵا له‌ دژى فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆمارى عێراق تۆمار بكات و به‌ تۆمه‌تى پێشێلكردنى به‌ندى 61ى ده‌ستوور تايبه‌ت به‌ سه‌روه‌رى عێراق له‌ كاره‌كه‌ى دوورى بخاته‌وه‌.

هه‌روه‌ها بڕياريشداوه‌ ده‌روازه‌كانى نێوان عێراق و كوردستان دابخرێن.