مه‌سروور بارزانی: پێویسته‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای هاوسه‌نگی و هاوبه‌شیی راسته‌ڕێ بكرێت

سوید پشتگیریی له‌ سیستمێكی به‌هێز و هاوسه‌نگ و بنكه‌ فرا‌وان بۆ عێراق ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: "پێویسته‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای هاوسه‌نگی و هاوبه‌شی راسته‌قینه‌وه‌ و سازان له‌ بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌كاندا راسته‌ڕێ بكرێت و نابێت هیچ پێكهاته‌یه‌ك فه‌رامۆش بكرێت بۆئه‌وه‌ی هاووڵاتی هه‌ست به‌وه‌ بكات به‌شێكه‌ له‌م وڵاته‌دا".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 19/9/2018 راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ پۆنتوس مێلانده‌ر، باڵیۆزی سوید له‌ عێراق، پێشهات و گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراقی فیدراڵ و پرۆسه‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی كوردستانیان  تاوتوێ كردووه‌.

له‌و‌ دیداره‌كه‌دا باڵیۆزی سوید له‌ عێراق، خۆشحاڵی خۆی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و پێشكه‌وتنه‌كانی ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌رۆڵی ره‌وه‌ندی كورد له‌ وڵاته‌كه‌یدا و رایگه‌یاند: "ره‌وه‌ندی كورد به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر باش تێكه‌ڵاوی كۆمه‌ڵگه‌ی سویدی بووه‌ و له‌ بواره‌ جیاكاندا چالاكن". له‌باره‌ی سیستمی سیاسی له‌ عێراقی فیدراڵپیش گوتوویه‌تی: " ئه‌وان پشتگیریی له‌ سیستمێكی به‌هێز و هاوسه‌نگ و بنكه‌ فراوان ده‌كه‌ن، كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی عێراق بێت و توانای دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی هه‌بێت".

گفتوگۆكردن له‌باره‌ی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵیه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و سوید له‌ بواره‌ جیاكاندا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بووه‌.

دیداری نێوان مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ پۆنتوس مێلانده‌ر، باڵیۆزی سوید له‌ عێراق
دیداری نێوان مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ پۆنتوس مێلانده‌ر، باڵیۆزی سوید له‌ عێراق