راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمەریکا: ئێران سوودی لە ناکۆکییەکانی نێو یەکێتی وەرگرت

ئێران رۆڵی لە گرتنی کەرکووکدل هەبوو

K24-هەولێر

 راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمەریکا هێربێرت  مەکماستەر رایگەیاند، ئێران سوودی لە ناکۆکییەکانی نێو یەکێتی نیشتمانی كوردستان وەرگرت و رۆڵی هەبوو لە کەوتنی کەرکووکدا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی الحرة، مەکماستەر ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "ئێران بە ئاشکرا دەست لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەردەدات و پێویستە ئەمەریکاش سنوورێك بۆ میلیشیاکانی ئێران لە عێراق دابنێت".

دەقی ئەو پرسیارانەی کە تایبەت لەبارەی بارودۆخی كوردستان ئاراستەی مەکماستەر كراون:.

پرسیار: بەم دواییانە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رێکس تیلرسن داوای لە عێراق کرد میلیشیاکانی سەر بە ئێران هەڵبوەشێنێتەوە. سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمەی رەت کردەوە. ئایا بەنیازیت بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکەیت و چۆن بەدواداچوونی بۆ دەکەیت؟

مەکماستەر: "ئێمە دەبێت پشتیوانی لە حکومەتی عێراق بکەین. دەبێت پاڵپشتی لە سەرۆک وەزیران عەبادی بکەین کە بە بڕوای من کارێکی زۆر باشی لە هەلومەرجی زۆر سەختدا ئەنجام داوە. بەڵام هەروەک هەمووان دەزانن ئێرانییەکانیش کارێکی زۆر باشیان بۆخۆیان کردووە بۆ دزەکردن بۆناو دامودەزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق و رووخاندنیان و هەروەها دامەزراندنی ئەم میلیشیایانە کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقیدان.  من لەو باوەڕەدام ئەوەی ئەوان بەنیازن بیکەن ئەوەیە کە هەلپەرستانە ئەم میلیشیایانە بۆ برەودان بە بەرژەوندییەکانی ئێران بەکار بێنن. تۆ دەتوانیت ئەمە، بۆ نموونە، لە کاردانەوە لە بەرامبەر ریفراندۆمی کوردستان ببینیت. بۆیە ئەو شتەی کە لەڕاستیدا پێویستە روو بدات ئەوەیە کە  رووبەرووی هەموو هاندەرانی ئەم فیتنە شوومە، ئەم توندوتیژییە تایفییە ببینەوەو بە  هەموو هۆکارەکانی ئەمجۆرە توندوتیژییەیە لە ناببەین". 

پرسیار: تاچەند ئێران دەستوەردانی لە پرسی ریفراندۆمدا کرد؟

مەکماستەر: "ئەو رۆڵەی ئێران گێڕای ئەوە بوو کە ئەوان دابەشبوونی ناو هەرێمی کورستان و ناکۆکی و دووبەرەکییەکانی ناو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیان لە پاش کۆچی مام جەلال  قۆستەوە و ئەوەی ئەوان کردیان پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بوو لە سەر حیسابی ئاسایش و سەقامگیریی درێژخایەن لە عێراق".

پرسیار: ئێران تا چەند رۆڵی هەبووە لە داگیرکردنی کەرکووک؟

مەکماستەر: "ئێران رۆڵی لە رووداوەکانی ئەم دواییە و پاش ئەنجامدانی ریفراندۆمی کوردستان هەبووە. ئەوان رۆڵێکی سیاسیان گێڕا بە دابەشکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی پارتەکەی سلێمانی، واتە یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان،  و بە بەکارهێنانی ئەم دووبەرەکییانە بۆ وەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و هەر ئەمەشە کە دەبێتە هۆی نیگەرانی. ئەمریکا زۆر داکۆکی لە عێراقێکی یەکگرتوو و بەهێز دەکات. ئێمە هەروەها پشتیوانی لە هەرێمێکی کوردیی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا دەکەین. بۆیە ئەوەی ئێمەی زۆر نیگەران کردووە، ئەو توندوتیژییەیە کە رەنگە بەردەوام بێت و رەنگە هەموو ئەم دەستکەوتانەی لەم مانگانەی دواییدا لەشەڕی دژی داعش بەدەست هاتوون، بخاتە مەترسییەوە".

پرسیار: ئایا ئەمریکا دەیتوانی شتێکی زیاتر بکات بۆ وەستاندنی ئەم ریفراندۆمە تاکلایەنەیەی کە ئێوە رەخنەتان لەسەری هەبوو؟

مەکماستەر: "هەڵویستی ئەمریکا زۆر روون بوو کە ئێمە پیمان وابوو ریفراندۆم بیرۆکەیەکی باش نییە بەتایبەتی لەو کاتەدا کە خەڵکی عێراق خەریک بوو لە ئەزموونی تاڵی ئەم شەڕە لە دژی ئەم تیرۆریستە دڕانە  دەهاتنە دەرەوە، کە توندوتیژییەکی زۆیان کرد و خەڵکێکی زۆریان  ئازار دا . بۆیە ئەوەی گرینگ بوو ئەوە بوو عێراق ئەم شەڕە بە شێوەیەک دەرباز بکات کە پێکهاتەکان لێک نزیک بکاتەوە نەک تووشی دابەشکاریی زیاتریان بکات".

پرسیار: ئایا ئێستا دەکرێت کاریگەریی ئێران لەناو عێراق لەم قۆناغەدا سنووردار بکرێت؟

مـەکماستەر: "پێموایە ئەمە باش دەکرێت. ئەمریکا پێیوایە عێراق پێویستە پێوەندیی لەگەل ئێران هەبێت. ئێران دراوسێیەتی. بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، عێراقێکە کە بەهێز بێت و ئەوەی ئێمە لە ئێرانەوە تێبینیمان کردووە ئەوەیە کە دەیانەوێ مۆدێکلێک دروست بکەن کە دەکرێ بە مۆدیلی حیزبوڵلایی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوی ببەین. بەمەش ئەوان دەیانەوێت حکومەتەکان لاواز بکەن و بۆ هاوکاری پشت بە ئێران ببەستن. بەڵام ئەوان چۆن ئەم کارە دەکەن؟ ئەوان ئەم میلیشیایانە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتەکان دادەمەزرێنن و بەم میلیشیایانە هەڕەشە لە حکومەتەکان دەکەن ئەگەر ئەوان بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئێران بجوڵینەوە. ئەمە لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراقدا نییە. و پێموایە داواکاریی ئەمریکا لە عێراق  جیاوازە لەوەی لایەنەکانی تر لە عێراقی داوا دەکەن، ئەو شتەی روونە ئەوەیە کە ئەمریکا دەیەوێت عێراق بەهێز بێت".

پرسیار: من دەمەوێت پرسیار لەسەر ناکۆکیی بەردەوامی نێوان بەغدا و هەولێر بکەم. مەبەستم ئەوەیە بە بۆچوونی ئێوە چارەسەر چییە بۆ ئەم ناکۆکییە بەردەوامەی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان؟

مەکماستەر: "ئەوەی من پێموایە دەبێت ئێمە بیکەین، هاوکارییە، وەک چۆن هەر وامان کردووە و ئاسانکاریمان کردووە بۆ دیالۆگ لەنێوان سەرکردەکانی کوردستان و سەرۆک وەزیران عەبادی و جەختمان لەسەر ئەو شتە کردووەتەوە کە بەڕاستی لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراقدا بووە. ئەوەی پێوەندیی بە بەرژەوەندییەکانی کوردیش هەیە، ئێمە پێوەندیی زۆر نزیکمان لەگەڵیان هەبووە لەماوەی ئەو هەموو ساڵانەی پاش سەددام حوسێن کە خەڵکی کوردی کردە قوربانی. ئەمریکا لەپاش 1991 هاتە سەر هێڵ بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و رێگەی دا بە بووژاندنەوەی ئەم هەرێمە. ئەگەر هەر کەسێک گەشتی بۆ سلێمانی و هەولێر و دهۆک کردبیت و بە شەقامەکانیاندا رەت بووبێت، مەبەستم ئەوەیە، ئەمانە شاری جوانن کە لە ئاشتی و ئاسایش سوودیان بینیوە. وپێموایە ئەم ئاستەش نمونەیەکە بۆ هەر هەموو عێراق تا پێی بگات. ئاشتی و ئاسایش دەبنە هۆی بوژاندنەوە و بژێوی باشتر بۆ رۆڵەکانی خەڵک و هەر کەسێک داوای بکات. بۆیە پێموایە ئەم  دیالۆگە پێویستە ببێتە هۆی دابینکردنی  باشترین شت بۆ خەڵکی عێراق و باشترین شت بۆ هاورێ کوردەکانمان کە ئێمە زۆر خۆشمان دەوێن، هەروەک چۆن خۆشەویستیمان بۆ خەڵکی عێراق هەیە".