"داعش خۆی رێكده‌خاته‌وه‌و ئه‌بو به‌كر به‌غدادی زیندووه"
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌ڵێت: "زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كانی ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌ده‌ن، چه‌كدارانی داعش له هه‌وڵی خۆ رێكخستنه‌وه‌دان بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوازی دیكه كاری تیرۆریستی ئه‌نجام بده‌ن".
فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به ئاژانسی ئانادۆڵوی توركی راگه‌یاندووه: "داعش به‌ته‌واوه‌تی كۆتایی پێنه‌هاتووه، راسته له عێراق به‌هۆی كۆتاییهێنانی شه‌ڕی داعش نمایشێكی سه‌ربازی كرا، به‌ڵام كۆتایی هێنانی داعش له‌ناو شار و شارۆچكه‌كاندا، هه‌روه‌ها كۆتایی داعش وه‌كو خه‌لافه‌تی ئیسلامی كه باره‌گای فه‌رمی له مووسڵ و ره‌ققه هه‌بووه جیاوازه، به‌پێی زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه ئه‌منییه‌كانی كوردستان و داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و هەروەها حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراقیش، تیرۆریستانی داعش هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان رێكبخه‌نه‌وه و جارێكی تر به شیوازی تر ده‌ست به‌كاری تیرۆریستی بكه‌نه‌وه، بێ گومان له‌سه‌ر شێوازی بچووك بچووك یان ته‌قینه‌وه و خۆ ته‌قاندنه‌وه، ده‌بێت ئێمه خۆمان ئاماده‌بكه‌ین بۆ ئه‌و هه‌لومه‌رجه و بۆ شه‌ڕی داعش ره‌نگه بۆ ماوه‌یه‌كیش بێت تا به‌ته‌واوه‌تی له‌ناو ببرێن، جگه له‌وه‌ش هێشتا بیروبۆچوونی داعش له‌ناو زۆر خه‌ڵكدا له‌هه‌ندێك ناوچه هه‌یه، چونكه داعش بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ مابوویه‌وه له‌هه‌ندێك ناوچه و ئه‌وه‌ش رۆڵ و كاریگه‌ریی هه‌یه بۆ هه‌ڵگرتنی بیروباوه‌ڕی داعش له‌ناو ئه‌و خه‌ڵكدا، ده‌بێت له‌و رووه‌شه‌وه ئێمه كارێكی زۆر بكه‌ین بۆ كۆتایی هێنان به بیروباوه‌ڕی تیرۆریستی داعش، بۆیه هێزه سه‌ربازییه‌كان له‌و رووه‌وه كارییان ماوه و ده‌بێت ئاماده‌سازیی بكه‌ن بۆ ئه‌و جۆره شه‌ڕانه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌م رۆژانه‌ی دوایی له لایه‌ن گوته‌بێژه‌كانی حكوومه‌تی ئه‌مریكاوه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه داعش ته‌نها له شاره‌كان وه‌كو خه‌لافه‌ت كۆتایی هاتووه، به‌هه‌مان شێوه داموده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی هه‌رێم و عێراق و هاوپه‌یمانانانیش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه تیرۆریستانی داعش جارێكی تر به‌شێوازێكی تر ده‌ست به‌كاری تیرۆریستی ده‌كه‌نه‌وه، بۆیه هێشتا مه‌ترسییان له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجی گشتی له عێراق ماوه، بێگومان هه‌لومه‌رجی سیاسی له‌و باره‌یه‌وه رۆڵ و كاریگه‌ریی ده‌بێت، واته ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجی سیاسی به‌ره‌و سه‌قامگیری و هێمنی رۆیشت و هیچ كێشه نه‌ما، ئه‌وه بێ گومان كاریگه‌ریی باشی له‌سه‌ر نه‌مانی داعش ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌مان هه‌لومه‌رجی پێش دروستبوونی داعش دروست ببێته‌وه كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئومێدی ئه‌وه ناكه‌ین، ئه‌وه جارێكی دیكه داعش به‌و شێوازه‌ی باسی ده‌كه‌ین، سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه".
ده‌رباره‌ی ژماره‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش كه ئه‌گه‌ری هه‌یه له عێراق مابنه‌وه جه‌بار یاوه‌ر ده‌ڵێت: "وه‌كو چاره‌نووس كه‌س نازانێت چاره‌نووسی ئه‌بو به‌كر به‌غدادی چییه، به‌ڵام هه‌موو جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ئەو هێشتا زیندووه، به‌ڵام جار جار باس له شوێنی خۆ حه‌شاردانی ده‌كه‌ن وه‌كو گومان نه‌وه‌ك زانیاریی ورد، چونكه ئه‌گه‌ر زانیاریی وردیان هه‌بێت له‌ناوی ده‌به‌ن، هه‌روه‌ها به‌پێی پێشبینییه‌كانی هاوپه‌یمانان كه له هه‌فته‌كانی پێشتر بڵاوكرایه‌وه ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش كه هێشتا له عێراق و سووریادا ماون وا خه‌مڵێندرا كه سێ هه‌زار چه‌كداری داعش ماون".
ده‌رباره‌ی چاره‌نووسی ئه‌بو به‌كر به‌غدادی رێبه‌ری داعش ده‌ڵێت: "زانیاریی وردم له‌سه‌ری نییه له عێراق بێت یان سووریا، ته‌نانه‌ت هاوپه‌یمانان خۆشییان هێشتا هیچ هه‌واڵێكی له‌و شێوه‌یه‌یان بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه، به‌غدادی شاره‌زاییه‌كی زۆری هه‌یه له خۆحه‌شاردان له‌ناوچه‌كانی عێراق و سووریا، بێ گومان له یه‌كێك له‌ناوچه‌كانی ئه‌م دوو وڵاته‌یه".
سه‌رچاوه: ئاژانسی ئه‌نادۆڵو