كۆنسووڵی عێراق له‌ مه‌شهه‌د رێكلام بۆ سه‌نته‌رێكی چاندنه‌وه‌ی قژ ده‌كات

به‌ ڤیدیۆ.. رێكلامه‌كه‌ له‌ناو باره‌گای كۆنسوڵخانه‌یه‌ و ئاڵای ئێرانیشی داناوه‌

K24 - هه‌ولێر:

كۆنسوڵی عێراق له‌ شاری مه‌شهه‌دی ئێران، له‌ ناو باڵه‌خانه‌ی كۆنسوڵخانه‌، رێكلام بۆ سه‌نته‌رێكی ئێرانی تایبه‌ت به‌ چاندنه‌وه‌ی قژ ده‌كات.

یاسین شه‌ریف نوسه‌یف، كه‌ خۆی قژی رووتاوه‌ته‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات، خۆی سه‌ردانی سه‌نته‌ره‌كه‌ی كردووه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانی به‌دڵ بووه‌، بۆیه‌ داوا له‌ عێراقییه‌كان ده‌كات، كه‌ به‌ نیازی چاندنه‌وه‌ی قژ سه‌ردانی ئێران ده‌كه‌ن، بچنه‌ هه‌مان سه‌نته‌ر.

حامید حه‌دید، رۆژنامه‌وانی كه‌ناڵی "ئه‌لجه‌زیره‌" كه‌ له‌ دیسكی عێراقی كه‌ناڵه‌كه‌ كار ده‌كات، گرته‌ ڤیدیۆیی رێكلامه‌كه‌ی له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، نووسیویه‌تی: "به‌خێربێن بۆ عێراقی نوێ".

حه‌دید ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، ده‌بوایه‌ له‌ناو كۆنسوڵخانه‌ ته‌نها ئاڵای عێراق هه‌بووایه‌ و به‌ گوێره‌ی نه‌ریته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له‌ناو كۆنسوڵخانه‌ سه‌روه‌ری ته‌نها بۆ عێراقه‌.

ئ. م