نەجمەدین كەریم: شاندی ھەرێم لە بەغدا نوێنەرایەتی كەركووكیش دەكات

خەڵكی كەركووك دڵنیا دەكاتەوە
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك رایگەیاند: "زۆرجار داوامان لە حكوومەتی عێراق كردووە، بڕیاری ئازادكردنی حەویجە بدات، ھێزی پێشمەرگە ھەموو كات ئامادەیە بۆ رزگاركردنی حەویجە لە دەست داعش، كە دەست پێنەكردنی ئۆپەراسیۆنەكە ھۆكارەكەی پێشمەرگە نییە".

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری كوردستان24 لەبارەی چوونی شاندێكی ھەرێم بۆ بەغدا پارێزگاری كەركووك گوتی: "ئەو شاندەی دەچێتە بەغدا شاندی ھەرێمی كوردستانە و نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان دەكەن، كەركووكیش بەشێكە لە كوردستان، لەبەر ئەوە شاندەكە بە شاندی خۆمان دەزانین".

گوتیشی: "دڵنیام 25 ئەیلوولی ئەمساڵ خەڵكی كوردستان بەشداری ریفراندۆم دەكات".

ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە سبەی شاندێكی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم سەردانی بەغدا بكات.